سەردێر

پۆلیسی هەولێر، لەسەر شەڕی نێوان چەند خوێندكارێك ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی 8ی ئەم مانگە گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوكراوەیەوە كە دوو خوێندكاری زانكۆی (تیشك) لەناو زانكۆكەیاندا ڕووبەڕووی یەكتربوونەوە و تەقەیان لەیەكتركردووە، لەئێستادا خوێندكارەكان دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەش لەسەر ڕووداوەكە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لەسۆشیال میدیاكان بڵاوبوەوە كە لە بەردەم كۆلیژی (تیشك) دوو قوتابی دەبێتە دەماقاڵەیان، كە لە هەمان كۆلێژ قوتابین و لە ئەنجامدا دەبێتە شەڕیان لەگەڵ دوو قوتابی تریش لەسەر ئەوەی دوو رۆژ پێشتر بەئۆتۆمبێل یەكیان شكاندویەتەوە سەر ئەوی تر و لە ئەنجامی شەڕەكە تەقە دەكرێت، وەك پۆلیسی هەولێر، دەستبەجێ دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد و خانەوادەی هەردوولامان ئاگاداركردنەوە كە دەبێت بە زووترینكات خۆیان ڕادەستی پۆلیس بكەن، ئەگەرنا بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.

ئاشكراشیكرد، هەردوولا خۆیان ڕادەستی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر كرد و دەستمان بەسەر دەمانچەیەكی جۆری (تارق)دا گرت، هەروەها هیچ لایەكیان سكاڵایان نەبوو لە دژی یەكتر و پێكهاتن و بەڵێنیاندا كە بەهیچ جۆرێك كێشە و ئاژاوە دروست نەكەن و پەنا بۆ چەك نەبەن.

ڕوونیشیكردەوە، لەبەرئەوەی لە كێشەكە تەقە كراوە و مافی گشتی دەیگرێتەوە پەراوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراو لەكاتی ئێستاشدا هەر دوو خوێندكاری تۆمەتبار و دوو لەهاوڕێكانیان بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، ڕاگیراون.