سەردێر

هاوپەیمانی فەتح بۆ (خەڵك): پێدەچێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، دەكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە هەڵبوەشێنرێتەوە لەسەر ئەو داوایەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانییەكەیان پێشكەشی كردووە.

فازڵ فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند”ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحەوە پێشكەش بە دادگای فیدراڵی كران، دەكرێت ببنە مایەی ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنى پەرلەمانى پێشوەختە هەڵبوەشێننەوە، بەهۆی بوونی بەڵگە لەسەر سەختەكاریی و نەبوونی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ڕەسەن”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح”لایەن و كەسێتییە سیاسییەكانی تر بە هەمان شێوە سكاڵایان پێشكەش كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكە كە ڕەنگە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵەوە پەسەند بكرێن، بۆیە ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین سەبارەت بەو سكاڵایانە، بە تایبەت بڕیاری دادگای فیدراڵی كە دەبێت هەموان پابەندی بن و تانەلێدان هەڵناگرێت”.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانی فەتح لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو بەڕێوەچوو، 17 كورسی بەدەستهێنا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانییەكە لە هەڵبژاردنی 2018، لە دوای هاوپەیمانی سائیرونەوە لە پلەی دووەمدابوو بە 48 كورسی.