سەردێر

كچەكەی پێلێ‌ باری تەندروستی باوكی ئاشكرا دەكات

خەڵك-
كیلی ناسیمنتۆ كچی پێلێ‌ ئەفسانەی تۆپی پێ‌ ڕایدەگەیەنێت، باوكی لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەكرێت بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی قۆڵۆن، و بەر لە جەژنی سەری ساڵ بۆ بەسەربردنی بۆنەكە لەگەڵ خێزانەكەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

پێلێ‌ تەمەن (81 ساڵ) كە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل سێ‌ جار جامی جیهانی بردۆتەوە، لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا سێ‌ نەشتەرگەریی بۆ كرا بۆ بنبڕكردنی وەرەمێكی شێرپەنجە، نزیكەی مانگێك لەژێر چاودێری پزیشكیدا بوو، بەڵام لە دوێنێ‌ چوار شەممەوە برایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلبرت ئینشتاین لە ساوپاوڵۆ، بۆ مەبەستی تەواوكردنی چارەسەرەكەی.

كیلی لەسەر تۆڕی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو ڕۆژ یان سێ‌ ڕۆژدا پێلێ‌ دەگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی بۆ بەسەربردنی جەژنی سەری ساڵ.

بە وتەی كیلی، ئەم هەنگاوە لەناكاو نەبوو، بەڵكو پێشتر بڕیاربوو، چونكە لە چوارچێوەی تەواوكردنی چارسەركردنەكەدایە.

پێلێ‌ كە لەسەر ئاستێكی فراوان بە یەكێك لە مەزنترین یاریزانی تۆپی پێ‌ لە مێژوودا دادەنرێت، بەدەست كۆمەڵێك كێشەی تەندروستییەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا گیرۆدە بوو، لەئێستاشدا بەهۆی ئەو نەشتەرگەریانەی بۆی كراوە، ناتوانێت بەبێ‌ یارمەتی كەسانی تر، بە باشی ڕێ‌ بكات.