سەردێر

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: ڤاكسینی دژ كۆرۆنا كەسی نەكوشتووە

خەڵك-
بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و عیراق نەبۆتە مایەی گیان لەدەستدانی هیچ كەسێك.

دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ نوێنەری تەندروستی جیهانی لە عیراق ڕایگەیاند:” لە هەرێمی كوردستان و عیراق تا ئێستا 20 هەزار كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هیچ كەس بە پێكەوتەی كۆرۆنا گیانی لە دەستنەداوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان هیچ ترسێكیان لە وەرگرتنی پێكوتە نەبێت”.

ئەم قسانەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكاتێكدایە كە تێبینی دەكرێت وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەرێمی كموردستان بەگشتی و لە پارێزگای سلێمانی بە تایبەت، لە ئاستی پێویستدا نییە، لەكاتێكدا خەریكە لە زۆرێك لە وڵاتاندا بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی، پێدانی ڤاكسینەكە دەكرێتە زۆرەملێ‌.