سەردێر

ئیمارات بۆچی لەگەڵ ئێران و توركیا ئاشت بووەوە؟

خەڵك

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات لە رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی ئێرانی كرد دوای ساڵانێك لە بارگرژی نێوانیان.

ئیمارات پێشتریش لەگەڵ توركیا ئاشتبوونەوەی راگەیاند و بڕی 10 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە ئەم دەوڵەتە دابینكرد وەك بەهاناوەچوونێك بۆ تەنگەژەی ئابووری توركیا.

پرسیارێك لای شرۆڤەكاران دروستبووە دەڵێن بۆچی ئیمارات لەگەڵ دوو نەیاری دوێنێی ئێران و توركیادا ئاشتبووەوە؟

سەرچاوەیەكی ئیماراتی بۆ ماڵپەڕی ئەكسیۆس ئەو هۆكارانەی ئاشكراكرد كە پاڵیان بە ئیماراتەوە نا لەگەڵ ئەنقەرە و تاراندا ئاشتببێتەوە و سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت.

راشیگەیاند تێوەگلانی ئیمارات لە جەنگی یەمەن و لیبیا بووەهۆی ئەوەی زیانێكی گەورەی دارایی و دبلۆماسی بكات، لەگەڵ ئەو زیانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بە ئابوورییەكەی گەیشت.

ئاماژەی بەوەشكرد هاوكات نەبوونی متمانەی ئەبووزەبی بە رۆڵی ئەمریكا لە پارێزگاریكردنیدا.

دەشڵێت: ئەو رووانینە لای ئەبووزەبی بە روونی بە دیاركەوت كاتێك ئیدارەی پێشووی واشنتن هیچ كاردانەوەیەكی بۆ هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی عەرەبستانی سعوودی و كەشتییەكی نەوتی لە بەندەرەكانی ئیمارات نەبوو.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت چاوەڕێناكرێت ئەبووزەبی بە تەواوی ئاستی پێوەندییەكانی لەگەڵ دوو دەوڵەتی نەیاریدا بەرز بكاتەوە، بەڵام ستراتیژی نوێی سیاسەتی دەرەوەی بریتییە لە كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و لایەنی كەم نەبوونی دژبەر و نەیار و بوونی پێوەندییەكی ئاسایی لەگەڵ زۆرینەی لایەنەكاندا.