سەردێر

شاندێكی گەورەی عیراق سەردانی ئەڵمانیا دەكات

بۆ كۆچبەرانی بیلاڕوسە

خەڵك-
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، سەردانى چاوەڕوانكراوی شاندێكی عیراقی كە لە سێ‌ وەزارەتی پێكدێت، بۆ ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا ئاشكرا دەكات، لەپێناو ڕەوشی عیراقییە گیرخواردووەكانی سەر سنوری بیلاڕوس، ڕەتیشیدەكاتەوە ژمارەی ئەو كۆچبەرانە تائێستا بزانرێت.

ئاژانسی فەرمی (العراقیە) لە زاری عەلی جەهانگیر وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانەوە بڵاویكردەوە”هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گێڕانەوەی ئارەزوومەندانەی عیراقییە گیرخواردووەكان لە بیلاڕوسیا، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش كاریی كردووە بە ئاراستەی گوشارخستنە سەر ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكومەتەكانی ئەو وڵاتانە، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كۆچبەران”.

بە وتەی جەهانگیر”شاندێك كە لە سێ‌ وەزارەت پێكدەهێنرێت (كۆچ و دەرەوە و گواستنەوە)، دەچێتە ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا بۆ گفتووگۆكردن لەسەر ڕەوشی عیراقییەكانی سەر سنوری بیلاڕوس و پۆڵەندا، و جەختكردنەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ژیانیان، لەگەڵ ئەمەشدا زانیاریی ورد نییە لەبارەى ژمارەی ئەو عیراقیانەی لەو سنورانەن، چونكە هەندێكییان بە ڤیزە و بەشێوەی یاسایی ڕۆیشتوون بۆ گەشتوگوزار، هەندێكی ترییان بەشێوەیەكی نایاسایی سەفەریان كردووە”.

وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەڵێت”ئەركی وەزارەتە عیراقیەكان دابەشكراوە لەنێوان دەرەوە و گواستنەوە و كۆچ و كۆچبەران، ئەوان كار لەسەر دۆسێی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و باڵیۆزخانەكان دەكەن لەڕێی دروستكردنی گوشار، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كار لەگەڵ وەزارەتەكەیان دەكات بۆ گوشارخستنە سەر حكومەتە پەیوەندیدارەكان لە پۆڵەندا و ئەوانی تر، تا ڕێوشوێنێكی گونجاوی هاوتای پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، بۆ پاراستنی ژیان و چارەنوسی ئەو هاووڵاتیانە بگرێتەبەر”.