سەردێر

كاریگەری ڤاكسینێك لەسەر جۆری ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا ڕاگەیەنرا

خەڵك-
بەپێی توێژینەوەكان ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (فایزەر و بایۆنتیك)ەوە گەشەی پێدراوە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر گۆڕاوە نوێیەكی كۆرۆنا بەناوی (ئۆمیكرۆن) ئەوەش دوای وەرگرتنی 3 ژەم لە ڤاكسینەكە.

كۆمپانیای (بایۆنتیك) لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆمپانیاكەی لەگەڵ كۆمپانیای (فایزەر) بەنیازن بە هاتنی مانگی ئازار گەشە بە ڤاكسینەكەیان بدەن بۆ گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا، كە ئۆمیكرۆنە.

بەپێی توێژینەكان، كە لە تاقیگەكاندا كراوە، “تا ئێستا ڤاكسینی فایزەر كاریگەری باشی هەیە لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەنانەت گۆڕاوی ئۆمیكرۆن ئەگەر كەسێك 3 ژەمی ڤاكسینەكە وەربگرێت، چونكە دوو ژەم كەمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا.

لای خۆشیەوە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 57 دەوڵەت بڵاوبۆتەوە و ژمارەی تووشبووانیش بە بەراورد بە (كۆڤید-19) زیاترە لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا و بەتایبەتی لە زیمبابۆی و پێشبینی ئەوەش دەكرێت ژمارەی نەخۆشەكان، كە داخڵی نەخۆشخانە دەكرێن زیاتر ببن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاكە.

ڕێكخراوە تەندروستییەكە لە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە پەتاكە ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستیان بە زانیاری زیاترە بۆ هەڵسەنگاندنی بەهێزی كاریگەری و ماكەكانی كەسی تووشبوو بە ئۆمیكرۆن و هەروەها بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ ئەو ڤاكسینانە تاوەكو چەند پارێزگاری بۆ كەسەكان دابین دەكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، تەنانەت ئەگەر قورسی كاریگەرییەكانی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن یەكسان بێت یان كەمتربێت بە گۆڕاوی (دەلتا) ئەوا پێشبینی ئەوە دەكرێت ژمارەی نەخۆشەكان بۆ خەواندنیان لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر زیاتر بێت ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت و بۆ ئەوەش جیاوازی كات ڕۆڵ دەبینێت لە زیادبوونی تووشبووان و مردووان.