سەردێر

بە سێ‌ ڕێكار كۆرۆنا لە سلێمانی كۆنتڕۆڵ دەكرێت

خەڵك-
ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی بەرەو كەمبوونەوە دەچن و تەندروستی پارێزگاكەش ڕێكارەكانی كۆنتڕۆڵ كردنی پەتاكە و كەمبوونەوەی ئامارەكان ئاشكرادەكات.

سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، وەرگرتنی ڤاكسین دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێنماییەكانی خۆپارێزی و تاك پارێزی و شەونخونی و دڵسۆزی پزیشكان و كارمەندان، تەنها ڕێگان بۆ كەم كردنەوەی ئامارەكانی داغڵ بوو لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا.

ڕاشیگەیاند، مانگێك لەمەوبەر لە 8-11-2021دا 24 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا داخڵ كران و 11 نەخۆشیش چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و 173 نەخۆش لە نەخۆشخانەكان مابوونەوە و لەژێر چارەسەردابوون و 7 كەسیش گیانیان لەدەستدابوو.

ئاشكراشی كرد، بەڵام ئەمڕۆ 8-12-2021 تەنها 15 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە كراون و یەك كەس گیانی لەدەستداوە و 26 نەخۆش چاكبوونەتەوە و كۆی گشتی 89 نەخۆش لەناو نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا ماون.