سەردێر

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق كۆتایی پێهات

خەڵك-
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كۆتایی پێهات.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ ٨ی١٢ی ٢٠٢١، لە هەردوو میحوەری یەك-ی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەكانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەكانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵ كردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، كە دەكەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی.

ڕاشیگەیاند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەك لە لیواكانی (٣ و ٥ ) پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواكانی ( ٩ و ١٧)ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەكەیەكی هێزەكانی ٧٠، بەشداری تێدا دەكەن.

ئاشكراشی كرد، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكە، كێوماڵكردنی ناوچەی دیاریكراو بوو بەگشتی، تێكدانی ژمارەیەكی زۆر مۆڵگە و شوێنی تیرۆرستان، بەئامانجگرتنی سەیارەیەكی (پیكابی ڕەنگ سپی) چێندراو بەتەقینەوە، چارەسەركردنی لەلایەن (ل۱۷)ەوە، هەروەها هەڵگرتنی چەند مینێكی چێندراو لە سنوری ناوچەی (لیوای ٥۳فق۱)، هەڵگرتنی لەلایەن تیمی ئەندازەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، هەردوو هێزەكە لەناوچەیەكی دیاریكراو كۆتاییان بە ئۆپەڕاسیۆنەكە هێنا و جێگیركرنی بەشێك لەو هێزانە لە سنوری میحوەری ۲ی قەرەتەپە، كە ناوچەكە پێویستی بە هێز بوو تیایدا جێگیر بكرێت.