سەردێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دوو پڕۆژە یاسای سەبارەت بە كارەبا و پەروەردە پەسەند كرد و بڕیاریدا بە دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش .

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 8ی دیسەمبەری 2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.

ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش كرد بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی.

سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانكردنی دەرفەتەكانی هاریكاری و هەماهەنگیی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

دووپاتیكردەوە، كە هەرچی پێمان بكرێت دەیكەین، بۆ پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵكی خۆڕاگری ئەو ناوچە كوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بوونەتەوە كە ئەم هێرشانە، بە شێكن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچاركردنی دانیشتووانەكانیان بۆ ئەوەی شوێنەكانیان چۆل بكەن.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان ) لە لایەن ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە خرایە ڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد، بە ئامانجی ڕێكخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێركارییەكان لە سەر بنەمای سەردەمیانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لە پێناو دانانی بناخەی سیستەمێكی پەروەردەیی نوێی كوردستانی. پڕۆژە یاساكە، فراوان وگشتگیرە و كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركاری، لە كەرتی حكومی و تایبەت لەخۆ دەگرێت.

پاشان كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا، پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی كارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021 ) خستەڕوو، كە ئامانج لێی، باشتر ڕێكخستنەوەی هەیكەلیەتی وەزارەتە. پڕۆژە یاساكە، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساكە، بۆ پەڕلەمانی كوردستان.

لای خۆشیەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕاپۆرتێكی دەربارەی بابەتی وشكەساڵی و مەترسییەكانی بۆ سەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو، كە سەرئەنجام كاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی كیمیایی و ماددە قڕكەرەكان و كاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و كێڵگەكانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیك دەبێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەكان و بەنداوەكان و پڕۆژە ئاودێرییەكان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو كرا، لە ڕێگەی هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانكاریی بۆ جووتیاران و ئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەكانی بەو ئاسانكارییانە ڕاسپارد، كە كاریان لەسەر بكەن و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان، هاوكاریان بن.

پاشان حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی و جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێكخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لە گەڵ دۆخی ئێستای بەرەكانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو ، كە پێویستە وەك ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەكان، بە پێچەوانەوە كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەكانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەكانی بەرگری.