سەردێر

پەڕلەمانی كوردستان لەسەر كوژرانی ئەفسەرەكەی سلێمانی هاتەدەنگ

خەڵك –
دوو لیژنەی پەڕلەمانی كوردستان داوا دەكەن تاوانكاران و ئەنجامدەرانی كوژرانی ئەفسەرەكەی سلێمانی ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و سزای توندبدرێن، دەشڵێن،”دەبێ بەشێوەیەكی خێراتر كار لەسەر ڕاسپاردەكانمان بكرێت بۆ داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت”.

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ژنان و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە، بەداخەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بەجێگەیاندنی ئەركی یاسایی خۆیاندا، مەفرەزەیەكی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لەسلێمانی ڕووبەڕووی ڕووداوێكی تەقەكردن بوونەوە و ئەفسەرێك بەپلەی نەقیب گیانی سپارد و سێ كارمەندی دیكەش برینداربوون.

دەشڵێن ،”دەبێت هەرچی زووە تاوانكاران و ئەنجامدەرانی ئەو كارە ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و سزای توند بدرێن، بەشێوەیەكی خێراتریش كار لەسەر ڕاسپاردەكانمان بكرێت بۆ داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت و پێداچوونەوە و تووندكردنی پێدانی مۆڵەت بۆ كەمكردنەوە و بەڕەنگاربوونەوەی لەمجۆرە ڕووداوانە”.

بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ژنان و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان

بەداخەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بەجێگەیاندنی ئەركی یاسایی خۆیاندا، مەفرەزەیەكی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی ڕووبەڕووی ڕووداوێكی تەقەكردن بوونەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێك بە پلەی نەقیب گیانی سپارد و سێ كارمەندی دیكەش برینداربوون.
وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمیمان بۆ بنەماڵەی بەڕێز نەقیب محەمەد لەتیف و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی پۆلیسی بەڕێوبەرایەتییەكە، دەخوازین و دووپاتی دەكەینەوە كە دەبێت تاوانكاران و ئەنجامدەرانی ئەو كارە ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و سزای توند بدرێن، دەبێ بەشێوەیەكی خێراتر كار لەسەر ڕاسپاردەكانمان بكرێت بۆ داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت و پێداچوونەوە و تووندكردنی پێدانی مۆڵەت بۆ كەمكردنەوە و بەڕەنگاربوونەوەی لەمجۆرە ڕووداوانە.
لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ژنان
لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ
٢٠٢١/١٢/٥