سەردێر

پەكەكە تێكشكانی سوپای توركیای ڕاگەیاند

خەڵك-
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تێكشكانی سوپای توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا ڕاگەیاند و جەختیشدەكاتەوە، بە سەدان جار چەكی كیمیایی بەكارهێناوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حەوت مانگ بەسەر ئۆپەڕاسیۆنی توركیادا تێپەڕی، سوپای توركیا لەم ماوەیەدا هەموو هێزێكی خۆی بەكارهێنا، هەرێمەكانی پاراستنی میدیای بۆردومان كرد و بە سەدان جار چەكی كیمیایی بەكارهێنا، بەڵام هەموو حسابەكانی سوپای توركیا لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی ئاپۆیی تێكچوون و جارێكی دیكە تێكشكا.

ڕاشیگەیاندووە، سوپای توركیا كاتێك زانیویەتی لە (وەرخەلێ، تابوری عەرەبان و گردی كارتالی ئاڤاشین) گورزی گەورەتری بەردەكەوێت، بۆیە كشایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەی ئەوە دەكات، كە ئەشكەوتەكانیان هەڵوەشاندۆتەوە و لەناویان بردوون، بۆیە سوپای توركیا هیچ كاتێك ناتوانێت تێكشكانەكەی بشارێتەوە.

هەپەگە جەختیشی كردۆتەوە، هەرچەدە سوپای توركیا زوو زوو ناوی بەرپرسانی گەریلا بڵاو دەكاتەوە و ئاماژە بە شەهیدكردنیان دەكات، بەڵام بەم شێوەیە هەوڵ دەدات، هەم گەلەكەمان و هەم خانەوادەی هەڤاڵانمان بێمۆڕاڵ بكات و هەستی نەتەوەپەرستی لە لای هەندێك كەس لە توركیا بەهێز بكات.