سەردێر

سەڵاح ڕەشید: پارتی و یەكێتی بوون بە كۆمپانیای بازرگانی

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، بەو بودجە و داهاتانەی هەرێم خستویەتیەڕوو، داهاتمان زیاترە لە بودجەی وڵاتێكی وەكو ئەردەن.

سەڵاح ڕەشید، چاودێری سیاسی بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، نەوەی كورد لەو هەرێمە دەبێت چەندین ساڵی تر قەرزی ئەو حكومەتی هەرێمە بدەنەوە، چۆن و بۆچی قەرزارە، قەرزاری كێیە؟ نەوت بەكێ دەفرۆشن؟ چەندین گریمانە و ناڕوونی هەن كە دۆخی ئابوری هەرێمەكەی بەو چەشنە گەیاندووە، وایلێهاتووە دەبێت بەردەوام چاوەڕوانی ئەو 200 ملیارەی بەغدا دەكەن بینێرێت، یاخود نەینێریت، بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەو هەموو شەڕە جوێنەی نێوان پەڕلەمانتاری پارتی و یەكێتی لەسەر داهاتی دەروازە سنورییەكان، كە كەس نازانێت داهاتەكانیان چەندە و بۆ كوێ دەڕوات.

وتیشی، “لەدنیادا نییە پەڕلەمان ئاگای لە بودجەی حكومەتەكەی نەبێت، ئەوە تەنها لە كوردستان ڕوویداوە، لە هەموو دنیادا، پەڕلەمان بودجە پەسەند دەكات، نەوەك ئاگادار نەبێت”.

سەبارت بە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم، سەڵاح ڕەشید دەڵێت: “یەكێتی ئێستا یەك كەس دەیبات بەڕێوە، ئەویش بافڵ تاڵەبانییە، دەنا نەسەركردایەتی ‌و نە مەكتەبی سیاسی هەیە، ناوبەناو ئەوانە دادەنیشن لەگەڵیدا لەنێوان دوو كەوانە پێیان دەڵێن (جەمەعەتی ئەشهەدوما بیلا)، نەڕۆڵیان هەیە نە كەسیشیان دەوێرن لە قسەی بافڵ دەربچن”.

ئاشكراشیكرد، یەكێتی ئێستا وەك گەڕەكەكانی مەڵكەندی ‌و سەرشەقامی لێهاتووە، ئەوەندە گۆڕاوە هەر نایانناسیتەوە، هیچ كەسێك حەز بەوە ناكات ئەو شوێنەی كاری تێداكردووە بڕوخێت، بڕوام وایە بەدیلی یەكێتی لە گۆڕەپانەكەدا نییە، هەرچەندە، چەند یەكێتی لاوازبێت لە سودی پارتی دیموكراتە، یەكێتی كێرڤی دەنگەكانیشی هاتۆتەخوارەوە لە هەولێر، جاران دەنگی زیاتری نەهێنایە لەچاو لایەنی دی، هەر بە یەكێتی دانەدەنرا، كەچی لەم هەڵبژاردنە بەهەزارحاڵ كورسییەك یان دوو كورسی هێناوە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەو حزبە سیاسیانە، پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، بوون بە كۆمپانیای بازرگانی، حزبی سیاسی دەستوەرناداتە شتی ڕۆژانەی كۆمەڵگا، ئەو ئامانجی هەیە دەنگدەر ڕازی بكات، كە دەنگی پێبدەن، تاكو دەسەڵات لەو وڵاتە بگرێتەدەست، ئەمانە ئەوەی كە نایكەن، كاری حزبایەتییە و خەمی وڵاتە، بیر لەوەدەكەنەوە ڕۆژانە لەو سەرسنورانە چەند پارەیان دەستدەكەوێت، ئێستا حزبەكان بوونەتە ناوەندی بازرگانی گەورە، سەدەها كۆمپانیای ئاشكرا و نهێنی بازرگانیان هەیە، دەستیان خستۆتە بازاڕ و بینەقاقای بازرگانی كورد.