سەردێر

ڕێواز فایق؛ئەركی حكومەتی هەرێمە پێداچوونەوە بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستەكان بكات

خەڵك –
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، خاوەن پێداویستییەتایبەتەكان بەهۆی ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی لە دۆخێكی نالەباردا ژیان دەكەن، ئەوان لەگەڵ هەژاریدا لە ململانێیەكی سەختدان و توانای كاركردنیان سنووردارە، دەشڵێت،”ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكات”.

ڕێواز فایق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەپەیامێكدا بۆ ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، كە ڕِۆژی ١٢/٣ی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاریكراوە ڕایگەیاندووە، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان جگە لە دۆخی خراپی تەندروستی كۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو توێژە لە سەرانسەری جیهاندا پرسێكی گرنگ و پڕ بایەخی ڕێكخراوە مرۆییە جیهانییەكان و حكوومەتەكانە.

دەشڵێت،”ئەركی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكات و بیمەیەكی تەندروستیی شایستە و كەرەستە و پیداویستیی پزیشكیی گونجاویان پێشكەش بكات”.

دەقی پەیامەكەی :
ڕِۆژی ١٢/٣ی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دیاری كراوە، دۆخی خراپی تەندروستی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكانیش لە سەرانسەری جیھاندا پرسێكی گرنگ و پڕ بایەخی ڕێكخراوە مرۆییە جیھانییەكان و حكوومەتەكانە،
لە ھەرێمی كوردستانیشدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بەھۆی ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی، لە دۆخێكی نالەباردا ژیان دەكەن، ئەوان سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ھەژاریدا لە ململانێیەكی سەختدان و توانای كاركردنیان سنووردارە، بەڵام ھێشتا كۆڵیان نەداوە و لە ھەوڵی بەردوامدان بۆئەوەی بەھرە و تواناكانیان بە جوانترین شێوە بۆ كۆمەڵگەكەی خۆیان بە دیارخەن، بۆیە ئەركی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكات و بیمەیەكی تەندروستیی شایستە و كەرەستە و پیداویستیی پزیشكیی گونجاویان پێشكەش بكات، بە تایبەت كە لە ئەمڕۆدا داواكاریی سەرجەم چین و توێژەكان، دابینكردنی بیمەی تەندروستییە، ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان لە چوارچێوەی دەستڕۆییەكانی خۆماندا ھەموو پشتیوانییەكی داوا و داخوازییە ڕەواكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكەین و بەوپەڕی چاوی ڕێزەوە لەو بەھرانەیان دەڕوانین كە ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا پێشكەشی كوردستانی دەكەن، ھەر شاد و سەركەوتووبن..
د. ڕێواز فایق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
٢٠٢١/١٢/٣