سەردێر

بازاڕێکی نیشتیمانی بۆ کاغەزە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

خەڵک-ئارام سەردار
بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیاردراوە لەهەرێمی کوردستان بازاڕێکی نیشتیمانی بۆ کاغەزە داراییەکان بکرێتەوە، بڵند محەمەد لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵک) ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بانکی ناوەندی عیراق ڕێککەوتووین کەوا هەر پێنچ کۆمپانیای ئاڵووگۆڕی دراو لەهەرێمی کوردستان یەک بخرێن لەیەک کۆمپانیا و هەفتانە سەروو دوو ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاڵووگۆ پێدەدرێت.
خەڵک؛ ئامانجی سەردانەکەتان بۆ بەغداد چی بوو؟
بڵند محەمەد؛ یەکێک لەچوارچێوەکانی بنەمای کارکردنی حکومەت پتەوکردنی پەیوەندیەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمە، بۆکەمکردنەوەی ڕۆتین ئەمەش لەپێناوی بەرژەوەندی هاوڵاتیان، هەروەها سوودمەندبوونی بازرگانان لەو دەرفەت و ئیمتیازاتانەی لەعیراق هەیە، لەهەرێمیش بگرێتەوە، بۆیە سەردانی بەغدادمان کرد، یەکێک لەسەردانەکانمان بۆ لای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لەعیراق بوو، هەروەها دەستەی کاغەزە دارییەکانی عیراق و بانکی ناوەندیمان کرد.
خەڵک؛ بۆ کێشەی کۆمپانیاکان لەگەڵ بەغداد گەیشتوون بەچی؟
بڵند محەمەد؛ بڕیار لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوو بەڕێوەبەڕایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان درا و هەردوولا درا و ژمارەیەك بڕیار و ڕاسپاردەش بۆ كارئاسانی و چاڵاكی نێوان هەردوو بەرێوەبەرایەتییەكە دەرکرد، چەندین بڕیاریش لە خزمەت وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان گفتوگۆیان لەسەر كرا بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بە پێی رێنماییەكانەوە رایی بكرێت، چونکە ئەو کێشەو گرفتانەی هەبوون لەتۆمارکردنی کۆمپانیاکان وئاڕاستەکردنی نووسراوەکان لەنێوان هەولێر و بەغداد کە بەدەست ئاڕاستەی یەکتر دەکرا ئەمەش نزیکەی دوومانگی پێدەچوو ڕێكەوتن لەسەر ناردنی نووسراوەكان لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی كرا، كە دەبیتە هۆی نەهێشتنی ڕۆتین و ئاسان گەیاندنی پەیام و نووسراو نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا، هاوکات بەستنەوەی داتای تۆماری كۆمپانیاكانی هەرێم لەگەل بەغداد و بە پێچەوانەوە لە ڕیگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی بە مەبەستی پاراستنی زانیاری و داتاكان لەسەر ئاستی عیراق و گواستنەوەی زانیاری دۆسیەی كۆمپانیاكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ، رێكەوتنیش كرا لەسەر چەند خاڵێكی دیكە كە پەیوەندییان بە ڕێكارەكانی دامەزراندن و پاكتاوكردن و بودجەی كۆمپانیاكانەوە هەیە، بەم بڕیارانە ئێستا بازرگانان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەچەند خولەکێکی کەم نووسراوەکانیان دەگاتە بەغداد و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لەبەغداد دەکرێت، هەروەها سەرجەم داتاکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەڕێگەی سێرڤەرێکەوە کەلەهەفتەی داهاتوو یەک دەخرێن، چونکە پێشتر کەنوسراوێک ئاڕاستەی یەکتر دەکرا پێویستی بەڕاستاندن هەبوو، بەڵام بوونی ئەو داتایانە بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە.
خەڵک؛ بانکی ناوەندی عیراق چ بەڵێنێکی پێداون؟
بڵند محەمەد؛ لەگەڵ( احسان شمران) جێگری پاریزگاری بانکی ناوەندی عیراق کۆبووینەوە مەبەستیش لەکۆبوونەوەکە پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆری دراو لەهەرێمی کوردستان و چۆنیەتی سوودمەند بوونی کۆمپانیاکانی کوردستان لە وەرگرتنی هەفتانەی گۆڕینەوەی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان بوو، هەرچەندە بانکی ناوەندی پێدانی مۆڵەتی ڕاگرتبوو، بەڵام دوای گفتووگۆ بڕیاریاندا بە پێدانی دەرفەتیکی تر بە کۆمپانیاکانی کوردستان و ڕەزامەندیان دا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیاکانی ئالۆگۆری دراوی کوردستان بەشێوەیەک هەر پێنچ کۆمپانیای ئاڵووگۆڕی دراو لەهەرێمی کوردستان یەک بخرێن لەیەک کۆمپانیا و کۆی سەرمایەی ببێتە 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری عیراقی، مۆلەتی پلە B دەدریت کە بەهۆیەوە کۆمپانیاکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی بەشە دۆلاری هەفتانە بە نرخی زیادکردنی ئاشکرای بانکی ناوەندی عیراق هاوشێوەی ئەو بەشە دۆلارەی کە کۆمپانیاکانی دراوی بەغداد وەریدەگرن کەبڕەکەی سەرووی 2 ملیۆن دۆلارە، هەروەها ئەگەر (10) دە کۆمپانیای ئاڵۆگۆری دراو خۆیان دەمج بکەن و سەرمایەکانیان بکەن بە 5 ملیار دیناری عیراقی مۆڵەتی پلە A دەدرێت، کە بەهۆیەوە کۆمپانیاکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی بەشە دۆلاری هەفتانە بە نرخی زیادکردنی ئاشکرای بانکی ناوەندی عیراق کە بڕەکەی پێنج ئەوەندەی کۆمپانیاکانی پلە B دەبێت، هەروەها ڕەزامەندیان پیشاندا بۆ پێدانی دامەزراندنی کۆمپانیای بانکی بەسەرمایەی 250 ملیار دیناری عیراقی،بەڵێنیش درا بەپێی پێویستی هەرێمی کوردستان بانێک تا دوو بانک مۆڵەتی پێبدەن کۆمپانیایەکی پشکداری بانکی دروست بکەن، ئەم ڕێکارەش واتە یەکخستنی کۆمپانیاکانیش تەنها هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەڵکو لەهەموو عیراق دەبێت، دەیانەوێ هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نەبێت.
خەڵک؛ بازاڕی کاغەزە داراییەکان دەکرێتەوە لەهەرێم؟
بڵند محەمەد؛ لەسەردانەکەمان لەگەڵ(فیصل الهیمص )سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عیراق بەمەبەستی تاوتوێ کردنی چەند پرسێک سەبارەت بە کۆمپانیای ھاوپشکی و تۆمارکردنی لە بازاری کاغەزە داراییەکان وە دانانی رێکاری یاسایی گونجاو کۆبووینەوە، بڕیاردرا لەهەرێمی کوردستان بازاڕێکی نیشتیمانی بۆ کاغەزە داراییەکان بکرێتەوە، ئینجا ئەو بازاڕە نیشتیمانی بێت وەک هەر دام و دەزگایەکی حکوومی، یان کۆپانیای پشکداری تێکەڵ بێت بەبەشداری حکومەت یاخوود تەنها کەرتی تایبەت بێت، لەگەڵ کردنەوەی خول و ناردنی ژمارەیەک کادری شارەزا لە بواری کاغەزە داراییەکان بۆ هاوکاری هەرێم لەکاتی کردنەوەی بازارەکە. هەروەها بڕیاردرا بە بەشداری کردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە بازاری کاغەزە داراییەکانی عیراق و هەرێم، بەشێوەیەک کۆمپانیای پشکدار یان سنوورداری تۆمارکراو لەهەرێم دەتوانن پشکەکانیان لەبازاڕی کاغەزە داراییەکانی عیراق ئاڵۆگۆڕ بکەن بەنووسین تاوەکو بازاڕێکی بەهێزتر لەهەرێمی کوردستان دروست دەکرێت بۆ ئەوەی پشکەکانیان بەبازاڕ بکەن، هاوکات ڕەزامەندی ئەوەشیان پێداین کە کۆمپانیای فرۆشتنی پشکداری دارایی دروست بکەین کەهەر کەسێک بیەوێت کۆمپانیا دروست بکات لەم بازاڕە مۆڵەتیان پێبدرێت.