سەردێر

سەرۆكی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی داعشەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەلامارەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لە بناری چیای قەرەچوغ، پەیامێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی پەیامێك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە”زۆر بە توندی سەركۆنەی هێرشی دڕندانەی شەوی ڕابردووی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سەر خەڵكی سڤیل دەكەین كە لە ئەنجامدا سێ برا لە یەك خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەیان لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ڕاونانی تیرۆرستاندا”.
هەر لە پەیامەكەدا هاتووە”پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و كەسوكاریان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین”.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت”هێرش و پەلاماری ڕۆژانەی تیرۆرستانی داعش، ئیتر كاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێكاری بەرگری و سەربازیی تۆكمەی لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەوێت كە سنوورێكی یەكجاری بۆ تاوان و كردەوە تیرۆرستییەكانیان دابنێت”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێویستی دەزانێت”پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازییەكاندا بكرێت و هەنگاوی خێرا و هەنووكەیی بۆ هەماهەنگیی كاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە كە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان پڕ بكاتەوە”.

نێچیرڤان بارزانی پێیوایە كە “دەبێت لە ڕووی سیاسییە هەموو هێز و لایەنە عیراقییەكان بزانن كە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەكە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەركی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەكانە تا زووە ناكۆكیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێكەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری كار بكەین”.