سەردێر

قوباد تاڵەبانی بۆ كەمئەندامان: چۆك دانەدەن لەبەردەم ئاستەنگەكانتان

ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە

خەڵك-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پیرۆزبایی لە كەمئەندامان دەكات و دەڵێت، چۆك دانەدەن لەبەردەم ئاستەنگەكانتان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن قوباد تاڵەبانی نوسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە”بە‌ڕێزان خوشك و برایانی خاوەن پێداویستییە‌‌ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە‌ تایبەتەكانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە‌ دەكەم و لە‌م یادە‌دا پەرۆشی خۆمتان بۆ دووپات دە‌كە‌مە‌وە‌ بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی گەشەكردوو كە ئێوە‌ی خاوە‌ن پێداویستی تایبەت رۆڵی تێدا ببینن وەك هەر تاكێكی تری كۆمەڵگە‌”.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت”ھە‌ر لە‌م یادە‌شدا داواكارم لێتان كە؛ ئەوپەڕی توانای خۆتان بخەنەگەڕ و چۆك دانەدەن لەبەردەم هەر ئاستەنگێك كەدێتە رێگای بەدیهێنانی مافە رە‌واكانتان. وئێمە‌ش لە‌حكومە‌ت ‌دەبێ جددیتر و زیاتر كار بۆ نەهێشتنی جیاكاری و رووبەرووی هەر جۆرە ستەمێك ببینەوە كە لەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگە‌ بكرێت تاوە‌كو دە‌گە‌ینە‌ ئاستی زامنكردنی تە‌واوی مافەكانی خاون پێداویستی تایبە‌تە‌كان لە بەدەستهێنانی چاودێری تەندروستی و خوێندن و كاركردن و ھە‌موو داواكاری و مافە‌كانیان”.

3ی كانوونی یەكەم، بە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دادەنرێت و لە هەرێمی كوردستانیش ئەو توێژە لە هەوڵی ئەوەدان مافەكانیان بەدەست بهێنن و وێڕای ئەو ئاستنگانەی دێتە ڕێگەیان، توانا و شایستەیی خۆیان لە كایە جیاجیاكاندا بسەلمێنن.