سەردێر

كۆمسیۆن وەڵامی پارتی دەداتەوە

دەستوەردان ڕەتدەكاتەوە

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەداتەوە كە ئاماژەی بە دەستوەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی كردبوو لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان كە دوێنێ‌ چوار شەممە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكرایەوە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئاماژەی بە دەستوەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی كردبوو لە درێژكردنەوەی ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

بەپێی بەیاننامەكەی كۆمسیۆن”وادەی یەكلاكرنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن درێژنەكراوەتەوە، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریش بەهیچ شێوازێك دەستوەردانیان لە كاری كۆمسیۆن نەكردووە”.

هەر لە بەیاننامەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارن هاتووە”كۆمسیۆن جەخت لەسەر سەربەخۆیی خۆی دەكاتەوە لە بڕیارەكانی كە بە وتوێژ دەبێت لەلایەن ئەندامەكان كە نوێنەرایەتی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی عیراقی دەكەن، و هیچ كەس و لایەنێكیش ئیتر لە هەر پۆست و پێگەیەكی دەوڵەتدابن، ناتوانن ئاراستەیان بكەن یان كاریگەرییان لەسەر دروستبكەن”.

پێشتر مەکتەبی سیاسی پارتی رٍایگەیاندبوو، بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانەلێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی بڵاوکرایەوە” پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتبوو”ئەم کارەش بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو، ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون”.

بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای پێداچوونەوە بە تانەكان، دوو كورسی كەم كرد و ژمارەی كورسییەكانی لە 33 كورسییەوە بو 31 كورسی دابەزی.