سەردێر

ئەلجەزیرە:بۆچی بەهەزاران كوردی عێراق ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا؟

كوردەكانی عێراق گلەیی لە بێكاریی بەرز و گەندەڵی بەرفراوان و دەسەڵات و خراپی خزمەتگوزاری دەكەن و بێهیواییان زیادیكردووە

خەڵك
ئاسۆس حەسەن یەكێكە لەو هەزاران كەسەی ئەمساڵ لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی كوردی لە باكووری عێراق، سەركێشی بەژیانەوە كرد بۆ گەیشتن بەئەوروپا.

بۆ دەربازبوون لە سەختی ئابووری و سەركوتی سیاسی، دەرچووێكی زانكۆ كە تەمەنی 28 ساڵە دوو جار هەوڵیداوە لە دەریای ئیجە بەرەو یۆنان بپەڕێتەوە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دیپۆرتكراوەتەوە.

ئەو گەنجە سەرەڕای هەوڵە شكستخواردووەكانی، پلانی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ توركیا و بەردەوام بێت لە هەوڵدان تا دەگاتە شوێنی مەبەست.

ئاسۆس حەسەن، وتیشی: من ئەگەر دەیان جار دیپۆرت بكرێمەوە، بەردەوام دەبم، چونكە چەند ساڵێكە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی كار و دامەزراندن دەدەم، بەڵام هەست بە نائومێدی دەكەم سەبارەت بە داهاتوو.

كامەران عەزیز گەنجێكی دیكەی تەمەن 21 ساڵە، هەوڵیدا لەڕێگەی بێلاڕووسەوە بگاتە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوخۆوە دیپۆرتكرایەوە، كاتێك هەفتەی ڕابردوو ڤیزاكەی بەسەرچوو.

عەزیز شەش هەزار دۆلاری داوە بە قاچاخچییە كوردەكان بۆئەوەی گەشتەكەی بكات، بەڵام لە جیاتی گەشتەكە، پۆلیسی سنووری بێلاڕووس دەستبەسەریكرد و لێیدرا.

ناوبراو پێش ئەوەی ناچاریبكەن بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە، بە ئەلجەزیرەی ڕاگەیاند، دەیەوێت بمرێت نەك لەكوردستان بژی.

لەم چەند ڕۆژەدا نزیكەی ٣٠ كەس كە خەڵكی باشووری كوردستان بوون لەنۆكەندی ئینگلیز بەلەمەكەیان نقومبوو و گیانیان لەدەستدا.

ژمارەیەك لەكوردەكانی عێراق لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانیان لەدەستدا، و سەدانی دیكەش لە پلەی گەرمی ژێر سفردا لەو سنوورە ماونەتەوە و لەهەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا.

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە وایكرد، تیشك بخرێتە سەر ئەوەی بۆچی خەڵك ناوچەیەكی دەوڵەمەند بەسامانی نەوت جێبهێڵن و گەشتی ترسناك بكەن.

 

گەندەڵی و سەركوت و هەژاری
وەك زۆربەی كۆچبەرانی كورد ئەو دوو گەنجە گلەییان هەیە لە بێكاریی بەرز، بێ مووچەیی، گەندەڵیی بەرفراوان، خراپی خزمەتگوزاری گشتی، دەسەڵات بەستراوە بەچەند خێزانێكی سەرەكی و پارتە سیاسییەكانیانەوە، كە دەیان ساڵە دەسەڵاتی هەرێمیان هاوبەش كردووە.

یەكێك لەو گەنجانە دەڵێت: “ئەستەمە كارێك بدۆزیتەوە، مەگەر پەیوەندیت لەگەڵ نوخبەی دەسەڵاتداران هەبێت” و ئەگەر هەوڵ بدەیت داوای مافە مەدەنییەكانت بكەیت یان بەشداری لە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بكەیت، ئەوا تەنها بە فیشەكی ڕاستی وەڵامت دەدەنەوە”.

هەرێمی كوردستان كە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندانی بەخۆوە بینیوە.

مانگی ڕابردوو بەهەزاران خوێندكاری شاری سلێمانی چەند ڕۆژێك ڕژانە سەر شەقامەكان و داوای گێڕانەوەی دەرماڵەی مانگانەیان كرد، كە حەوت ساڵ لەمەوبەر بڕابوو، بەهۆی ئەوەوە خۆپیشاندانەكان توندوتیژییان تێدا دروستبوو، دواتر پۆلیس ڕووبەڕووی خوێندكاران بوونەوە و كۆتاییان بەخۆپیشاندانەكە هێنا.

هاوكات خۆپیشاندانی بچووكتر لەشارەكانی دیكەی وەك هەولێر و هەڵەبجە و كەلار و كۆیە و خۆپیشاندانی هاوكاری لە بەغدا بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ئەمساڵدا نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی “دەستگیركردنە هەڕەمەكییەكان” و دادگاییە ناڕەواكان و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان و خۆپیشاندەرانی كرد لە ناوچەكەدا.

زیادبوونی شەپۆلی كۆچكردن
بە وتەی ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران و ئاوارەكان، لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە بەلایەنی كەم 40 هەزار عێراقی ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، كە لەسەدا 70ی خەڵكی هەرێمی كوردستانن.
وتیشی كۆچكردن بۆ دەرەوەی عێراق لە ساڵانی 1990ەوە ڕووی لە زیادبوون بووە، بەڵام دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003 شەپۆلی كۆچكردن هێواش بووەوە، دواتریش جارێكی دیكە لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش لە ساڵی 2014دا شەپۆلی كۆچ زیادیكردەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كەس تۆمەتباردەكات بەوەی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی سنوورەكان گواستووەتەوە، ئەمەش لەدوای هاتنی داعش و شەڕەكانی توركیا و پەكەكە.

پەكەكە باكوری عێراق وەك ناوچەیەك بۆ یاخیبوونی لە دژی توركیا بەكاردەهێنێت، بۆیە سوپای توركیا بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سنوورییەكان و هێرشە ئاسمانییەكانی دژ بە پەكەكە لە باكوری عێراق ئەنجامدەدات.

لەهەفتەی ڕابردوودا دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، هاتنەناوەوەی نزیكەی 700 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی بۆ ناو هەرێم لەناوچەكانی دیكەی عێراقەوە بۆتە مایەی نائومێدی بۆ كورد.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هۆكارێكی دیكەی زیادبوونی كۆچ، ئەوەیە كە سەدان گوند لە ناوچە سنوورییەكان چۆڵبوون، بەهۆی شەڕی نێوان شەڕڤانانی پەكەكە و توركیا.

“ئەوانەی كۆچ دەكەن چیرۆكی هەڵە دەگێڕنەوە سەبارەت بە دۆخی ژیان لە هەرێمی كوردستان و ئیستغلال دەكرێن بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی هەرێمەكە”، ئەو وایوت.

هەولێر لەنزیكەوە لەگەڵ بەغدا كاری بۆ گەڕانەوەی سەدان پەنابەری كورد لەئەوروپا كردووە و ناوبراو ڕەتی دەكاتەوە، كە هاوڵاتیان ناچاربكەن بگەڕێنەوە.

“سەرچاوەی شەرمەزاری”

شیكەرەوەكان گوتیان هۆكاری ڕاستەقینەی كۆچكردنی كورد، پەیوەندی بەئەو هۆكارانەوە نییە كە حكومەت باسیدەكات.

مەحمود یاسین كوردی شیكەرەوەی سەربەخۆی كورد دەڵێت: “كێشەی سەرەكی گەندەڵی و سەركوتكردنی ئازادی و ئازادییە مەدەنییەكان و نەبوونی دامەزراندنە”.

ئەو ڕەتیكردەوە كە ئاوارە ناوخۆییەكان یان گرژییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە كاریگەرییان لەسەر كۆچ هەبێت، چونكە ” ئەو شەڕانە كاریگەری لەسەر گوندە بچووكەكان دەكات، كە تەنها چەند سەد كەسێك تێیاندا دەژین”.

كەریم نوری جێگری وەزیری كۆچ و كۆچبەران لەحكومەتی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند “شەپۆلی كۆچكردن بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەیە، كە گەنجان بەسەختی ژیانێكی شایستە دەدۆزنەوە”.

بە وتەی لاوان عوسمان، شیكەرەوەی شاری سلێمانی، قەیرانی كۆچبەران بووەتە “مایەی شەرمەزارییەكی گەورە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان”

سەرچاوە: ALJAZEERE

فۆتۆکان:Shwan Mohammed/AFP