سەردێر

پۆڵەندا رێگا بە چوونی شاندی پەرلەمانی كوردستان نادات

خەڵك

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان‌و ڕەوەندی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاریاندابوو بەسەردانێك بچنە سنورەكانی پۆڵەنداو بێلاڕووس لەبارەی دۆخی ژیانی كۆچبەرانی كورد، حكومەتی پـۆڵەندا ڕایگەیاندوە، بەو سەردانەی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان ڕازی نییە.

ڕێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان‌و ڕەوەندی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، بەردەوام قسە لەگەڵ كونسوڵی پۆڵەندا دەكەین، بەڵام كونسوڵی پۆڵەندا لێرەو لەوێ هەندێك پۆزش دەهێنێتەوە، هەرچەندە بەئاشكرا ناڵێت حكومەتی ئێمە ڕەزامەندنییە لەسەر چونی ئەو لیژنە پەرلەمانییە، بەڵام ئەو دواخستنە یەك ئاماژە دەبەخشێت ئەویش ئەوەیە كە حكومەتی پۆڵەندا بەو سەردانەمان ڕازی نییە”.

دەشڵێت :”ئێمە وەك خۆمان ئامادەین‌و كۆبونەوەی لیژنەكەشمان كردووە، بەڵام نوسراوێكمان لەڕێگەی كونسوڵخانەی پۆڵەنداوە ناردووە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەو ئەجێنداو بەرنامەی خۆمان بۆ سەردانەكە دیاریكردووە، داوامانكردووە لەگەڵ وەزیری ناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆببینەوەو لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كۆببینەوە، ئینجا سەردانی كۆچبەران لەخاڵە سنورییەكانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا بكەین بەتایبەت ئەو كەمپانەی كۆچبەرانی ئێمەیان تێدایە”.