سەردێر

داهێنەری ڤاکسینی فایزەر: پێویست ناکات لە ئۆمیکرۆن بترسین

خەڵک

ئۆمیگرۆن، جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئێستادا بووتە باسوخواسێکی جیهانی و هۆشدارییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە بە زووی وڵاتانی جیهان دەتەنێتەوە و لە خودی کۆرۆنا مەترسیدارترە.

بەپێی وتەی زۆرێک لە زانایان، ئۆمیکرۆن دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوونی زیاتر لە نێوان ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، بەڵام هەندێکیان دەڵێن هۆکار هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەن کە ڤاکسینەکان ڕێگری لە قورسیی نەخۆشییەکە دەکەن.

ئوگور شاهین، یەکێک لە دۆزەرەوان و پەرەپێدەرانی هاوبەشی (فایزەر بایۆنتێک ئێس ئی)، لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، دەڵێت؛ ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە، دژی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە هەوڵەکانی لاواز دەبێت، چونکە وەرگرانی ڤاکسین ئێستا دژەتەنیان دژ بە ڤایرۆس هەیە و ڤایرۆسەکان ناگەن بە خانە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئوگور شاهین، ڕێستۆرانتەکان و شوێنە گشتییەکانی دڵنیا کردووەتەوە، کە نەترسن و پەلە بکەن لە وەرگرتنی سێهەمین ژەمی ڤاکسین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڤاکسینەی کە خۆی و تیمەکەی لە کانوونی دووەمی 2020 دروستیان کرد و دواتر بە هاوکاری فایزەر پەرەی سەند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان گەیشتوون بەو ئەنجامەی ڤاکسینەکە، لە دژی گۆڕاوە جیاوازیەکانی تری ڤایرۆسی کۆرۆناش بەرەنگاری دەکات و کاریگەری هەیە.

ئوگور، نموونەی بە جۆری ڤایرۆسی دێلتای گۆڕاو هێنایەوە، سەرەڕای بەهێزی بڵاوبوونەوەی بەڵام بەرامبەر ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتبوو، کاریگەرییەکانی ئەو جۆرە گۆڕاوە لەسەریان کەمتر بوو، بۆیە پێوسیت بە ترس ناکات بەرامبەر ئۆمیکرۆنیش.