سەردێر

شەڕ و پێكدادان لەنێوان تاڵیبان و پاسەوانی سنوری ئێراندا دروستبوو

بە چەكی قورس لە یەك دەدەن

خەڵك-
میدیاكانی ئەفغانستان ئاماژە بە دروستبوونی شەڕو پێكدادان دەكەن لە سنورەكانی نێوان ئەفغانستان و ئێران لەنێوان چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان و پاسەوانانی سنوری ئێران، بە وتەی ئەو میدیایانەش، لە شەڕەكەدا چەكی قورس بەكارهاتووە.

ئاژانسی “Aamaj News”ی ئەفغانی بڵاویكردەوە، شەڕو پێكدادانی چەكداریی چڕ لە قەزای كانغ لە پارێزگای نیمروزی باكووری ئەفغانستان ڕویدا و تاڵیبان داوای لە هاووڵاتیانی ناوچەكە كردووە، ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.

ئاژانسەكە دەڵێت، لەئێستادا بزوتنەوەكە ئەو زریپۆشانە ڕەوانەی ناوچەكە دەكات كە هێزەكانی ئەمریكا بەجێیان هێشتووە، هەردوولاش تۆپخانەكانیان خستۆتەگەڕ، ئەمەش لەكاتێكدایە كە تائێستا (كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە) هۆكاریی دروستبوونی ناكۆكییە دیاریی نەكراوە.

بەپێی دوایین پەرەسەندنی ڕووداوكە، ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاویكردەوە، پێكداهەڵپژانی نێوان پاسەوانانی سنوری ئێران و هێزەكانی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی لەسەر سنور، بەهۆی بەدحاڵی بوونی نێوان هەردوولا بووە.