سەردێر

تا ئێستا 8 ملیۆن كەس لە عێراق ڤاكسینی وەرگرتووە

خەڵك-
وەزیری تەندروستی عیراق ئاماژە بە هەڵكشانی ژمارەی ئەوانە دەكات، كە ڤاكسین وەردەگرن و دەڵێت: “تا ئێستا 8 ملیۆن كەس خۆیان كوتاوە”..

ئەمڕۆ چوار شەممە، هانی عەقابی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژانە زیادبونێكی بەرچاو هەیە لەنێو ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن و ژمارەكە دەگاتە 110 هەزار كەس لە ڕۆژێكدا، كۆی گشتی ئەوانەی ژەمی یەكەمی ڤاكسنییان وەرگرتووە دەگاتە 8 ملیۆن و ئەوانەش كە ژەمی دووەم وەردەگرن دەگاتە 5 ملیۆن كەس”.

بە وتەی عەقابی”هەموو وڵاتان بە ئەزموونی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنادا تێپەڕین، بە تایبەت ئەفریقا كە بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕی، هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتنە شەپۆلی پێنجەم و ژمارەی تووشبوانیان زۆرە”.

وەزیری تەندروستی عیراق دەڵێت: “قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە شەپۆلی یەكەم و دووەم بەهۆی نەبوونی ڤاكسینەوە بوو، بەڵام لەئێستادا بە ڤاكسین دەتوانیین هاووڵاتیان بپارێزین”.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ڕەزامەندییان داوە بە بەكارهێنان و وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاكسین بۆ ئەو كەسانەی 6 مانگ تێپەڕیوە بەسەر ژەمی دووەمدا، بۆ زیادكردنی بەرگری گشتی دژی پەتای كۆرۆنا.