سەردێر

بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا كۆدەبێتەوە

خەڵك-
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گەورە لە عێراق دەگێڕێ و فاكتەری سەقامگیرییە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوار شەممە 1ی كانوونی یەكەمی 2021 لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە میخاییل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و شاندێكی یاوەری كرد.

بۆگدانۆف سڵاوی ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی ڕوسیا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخ و پێگەی گەلی كوردستان و ڕۆڵی ھەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە كردەوە و وتی، “بە لای ڕوسیاوە ھەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گەورە لە عێراق دەگێڕێ و فاكتەری سەقامگیرییە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو ئاڵوگۆڕ كران و ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەكە تاوتوو كرا و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھۆكارەكانی سەرھەڵدانی تیرۆر ڕیشەكێش بكرێن.

بارودۆخی سووریا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو، بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئایندەی گەلی كورد لە سوریا بە شاندی میوان گەیاند.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی ڕوسیا، ڕۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو، كە پەیوەندیی وڵاتەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر ببینێت.

May be an image of 7 people, people sitting, people standing and indoor