سەردێر

ڕەشەباكەی توركیا عیراقیش دەگرێتەوە

خەڵك-
كەشناسێكی عیراقی دەڵێت، پێدەچێت عیراقیش ڕووبەڕووی ڕەشەبایەكی هاوشێوەی ئەو ڕەشەبا بەهێزە ببێتەوە كە ڕووی لە توركیا كرد.

سادق عەتیە كەشناسی عیراقی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”پێدەچێت عیراق لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕووبەڕووی ڕەشەبایەكی بەهێزی هاوشێوەی ڕەشەباكەی توركیا ببێتەوە كە قوربانی لێكەوتەوە و زیانێكی ماددی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا”.

بە وتەی كەشناسە عیراقییەكە، هۆكاریی هەڵكردنی ئەو ڕەشەبایە، چەمانەوەی فشارێكی بەرزی هەوایە كە خێراییەكەی دەگاتە 110 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك، بەڵام ئەمە لەئێستادا لە عیراق نییە.

بەهۆی ڕەشەبایەكی بەهێز كە لەم دوو ڕۆژەی دواییدا لە توركیا هەڵیكرد، 5 كەس گیانیان لەدەستدا و 63 كەسی تر برینداربوون، ئەمەش بەپێی ئامارێك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی توركیاوە بڵاوكرایەوە.

وەزارەتی تەندروستی توركیا دەڵێت، ئەو ڕەشەبا بەهێزەی ڕووی لە ناوچەی دەریای مەرمەرە كرد، خێراییەكەی نزیكەی 130 كلۆمەتر بووە لە كاتژمێرێك و بۆتە مایەی هەڵكەندی درەختەكان و بنمیچی ئاپارتمانەكان لە ژمارەیەك ناوچەی مەرمەرە بە ئیستەنبوڵەوە، هەر بەو هۆیەوە كۆمپانیاكانی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی لە توركیا، گەشتە ئاسمانییەكانی لە شاری ئیستەنبوڵ ڕاگرت.