سەردێر

هەرێم، ئەمڕۆ رێگری لە هەزاران مامۆستا دەكرێت بچنە هۆڵەكانی خوێندن

خەڵك-

وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، هیچ حاڵەتێكی گومانلێكراوی ڤایرۆسە گۆڕاوەكەی ئۆمیكرۆن لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان نەكراوە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پێویستە لە ئەمڕۆوە مامۆستایان پابەندبن بە مەرجەكانی چوونە پۆل و لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمیشدا سەرجەم فەرمانبەران دەبێت پابەندبن.

وتیشی”هەرێمی كوردستان بیری لە داخستنی هۆڵەكانی خوێندن و قوتابخانەكان نەكردووەتەوە و ئەوە بژاردەیەك نییە بڕیاری لە بارەوەبدرێت، چونكە لە سەرەتای دەركەوتنی كۆرۆنا هەندێك ڕێكاری كلاسیكی پەیڕەو كران، بەڵام دواتر ڤاكسین درووستكرا و توانرا ڕێگەی نوێ بەكاربهێنرێت بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەكانی كۆرۆنا”.

ئاشكراشیكرد، 3 شەپۆلی كۆرۆنامان بەڕێكردووە هەیە و پێشبینی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەكەین، بۆ هەموو شەپۆلەكان پێشبینییەكانمان بەدیهاتوون، چوار تا پێنج هەفتەی دیكە لەوانەیە تووشی هەڵكشانی كۆرۆنا بینەوە.

ڕوونیشیكردەوە، تا ئێستا هەموو مامۆستایان پێكوتەیان وەرنەگرتووە و 72 هەزار ژەمی ڤاكسین لە لایەن مامۆستایانەوە وەرگیراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە بواری پەروەردە مامۆستا و فەرمانبەران ژمارەیان لە 150 هەزار نزیك دەبێتەوە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی ئاشكرایكرد، پێویستە تاكو كۆتایی مانگی 11 سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت