سەردێر

پارتی و یەكێتی لەسەر دوو كورسی وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

خەڵك

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت:”لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكاندا دوو كورسیمان بە تاڵان براوە”، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەڵێت:” گەڕانەوەی دوو كورسی ئیستیحقاقی ڕەوای خۆمانە”.


مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕۆژی سێشەممە 30-11-2021 بڵاوكراوەتەوە ڕایگەیاند:”دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، بۆمان دەركەوت، دوو كورسی كە مافی یاسایی دوو بەربژێری پارتیمان بوون لە پارێزگاكانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم كارە ناڕەوایە ڕادەگەیەنین”.

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی عیراق، دوو كورسی پارتی دیموكراتی كوردستان كەمی كرد بەراورد بە ئەنجامە بەراییەكان و دوو كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چوونە شوێنیان.

لەبەرامبەردا، ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، دوو كورسییەكەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی دوو)، و پارێزگای ھەولێر (بازنەی سێ) ئیستحقاقی ڕەوای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانن، كە ھەر ئیستحقاقی كوردە و لە چوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت، گێڕانەوەی كورسییەكانی یەكێتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی كوردستان دوای ڕەچاوكردنی تانە یاساییەكان و سەلماندنی ھەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشە و ئێمە پێشوازی لێ دەكەین.