سەردێر

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی وەڵامی پەڕلەمانتارێكی پارتی دەداتەوە و ئەویش سكاڵا تۆمار دەكات

خەڵك-
وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە توندی وەڵامی پەڕلەمانتارێكی پارتی دەداتەوە، كە سلێمانی تۆمەتبار كردووە بە نەگەڕاندنەوەی داهات و تیمی یەكێتی لە حكومەت تۆمەتبار كردووە سەبارەت بە “قاچاخچێتی سنوورەكان” و ئەو پەڕلەمانتارەش دەڵێت: سكاڵا تۆمار دەكەم.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ھێڤیدار ئە‌حمە‌دی پە‌رلە‌مانتار، لێدوانێكی داوە‌ و ناوی تیمی یە‌كێتی لە‌حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان ھێناوە‌، بۆ ھە‌موو لایە‌كی ڕووندە‌كە‌ینە‌وە‌؛ قسە‌كانی ئە‌و پە‌ڕلە‌مانتارە‌ دوورن لە‌ڕاستییە‌وە‌ و بێئاگایی و بێ توانایی خۆی سە‌لماندووە‌ لە‌و لێدوانە‌یدا‌”.

ڕاشیگەیاندووە، “داتا و ئامارە‌كانیش سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن، كە‌ ئە‌و ‌پەڕلەمانتارە‌ ھیچ زانیارییە‌كی درووستی نییە‌ و كەس لێدوانە‌كانی بە‌جددی وەرناگرێت، چونكە‌‌ زوو زوو پە‌نا دە‌باتە‌ بە‌ر موزایە‌دە‌ و دووبارە سەلماندی، كە ئە‌و پەڕلەمانتارێكی فاشلە”.

لای خۆشیەوە، هێڤیدار ئەحمەد، پەڕلەمانتاری پارتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، من سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم و دواتر دەردەکەوێت، کە چۆن بەیاننامەکەی لەسەر خۆی تەتبیق دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سەمیر ھەورامی قسەکانی خۆت لە دادگا بسەلمێنە، بەڵام دڵنیا بن من بێ ئەدەبی ناکەم و جنێو نادەم، رێکاری مەدەنی و یاسای دەگرمە بەر.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ هێڤیدار ئەحمەد، پەڕلەمانتاری پارتی سەبارەت بە داهاتی دەروازە سنوورییەكان ڕایگەیاندبوو، “تیمی یەکێتی لەنێو حکومەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە کارەکە قاچاخە، ئەو شتەی کە دەهێندرێت قەدەخەیە و بە قاچاخ دەیهێنین، ئێ پارەکەی بۆ حکومەت نییە، هەر نابێت داخڵ بێت، کە داخڵ نەبێت پارەکە بۆ حکومەت نییە، با ئێمە بۆخۆمان بە قاچاخ داخڵی بکەین و بیبەین، ئێوە عیلاقەتان چییە؟”.