سەردێر

تەندروستی بۆ وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاكسین بڕیاریدا

خەڵك-

وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بە هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە گشتاندنێكدا، كە وێنەی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانیش كراوە، بڕیار دراوە بە پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسین بە هاووڵاتیان لە پێناو “زیادكردنی بەرگری گشتی هاووڵاتیان و بەهۆی سەرهەڵدانەوەی جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسەكە لە جیهاندا”.

سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر بەكارهێنانی ژەمی سێیەمی ڤاكسینی كۆرۆنا.

وتیشی، “ئەو كەسانەی وەرگرتنی ژەمی سێیەم دەیانگرێتەوە ئەوانەن، كە سیستمی بەرگری جەستەیان لاوازە، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، ئەوانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە و ئەوانەی لە دامەزراوە تەندروستییەكان كاردەكەن”.

جەختیشی كردەوە، دوای شەش مانگ لە ژەمی دووەم تێپەڕی دەتوانن ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن.

بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دەكرێت ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگیرێت بەبێ‌ ڕەچاوكردنی ئەوەی ژەمی یەكەم و دووەم لە كام جۆرە بووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، “لەكاتی بەردەست نەبووی بڕی پێویستی ڤاكسین دەكرێت ژەمێكیان بە ئەسترازینیكا و ژەمێكی دیكەیان بە فایزەر-بایۆنتك هاووڵاتیان بكوترێن بەپێی ڕاسپاردەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی”.