سەردێر

ئیدارەی گەرمیان لە بارەی هێرشەكانی داعشەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك
سەبارەت بە هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی داعش بۆسەر پێشمەرگە لە نزیك قەزای كفری، ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “چەكداران بۆشایی ئەمنی دەقۆزنەوە و هێرشەكانیان دەكەن.

ئیدارەی گەرمیان لەسەر هێرشەكە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ” یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانی هێرشە تیرۆریستیەكەی شەوی ڕابردووی قەزای كفری، بە فرۆكەی فریاگوزاری گواسترایەوە بۆ شاری سلێمانی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژاریش ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی بریندارەكاندا بینی”.

ئاماژە بەوەشكراوە: “لەسنوری قەزای كفری، جارێكی تر تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزەكان پێشمەرگە و پاش ئەوەی بەتوندی بەرپەرچی تیرۆریستان درایەوە، بەداخەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو و سێ پێشمەرگەی دیكەبریندار بوون”.

ئەمە لە كاتێكدایە لەماوەی تەنها سێ شەودا چەكدارانی داعش لە سنوری قەزای كفری و دەوروبەری سێ جار هێرشیان بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەنجامداوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئەنجامی هێرشەكە و لێكەوتەكانی تا ئێستا حەوت پێشمەرگە شەهیدبوون.