سەردێر

سزای نوێ بەسەر ئۆجەلاندا سەپێنرا

خەڵك

نووسینگەی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەردانی داواكاری گشتییان كردووە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆیان دەركەوتووە دوو سزای نوێی بەسەردا سەپێندراوە.

ئاژانسی فوڕات بڵاویكردەوە، ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە پارێزەرانی نووسینگەی پارێزەرانی سەدە سەردانی داواكاری گشتیی بورسایان كردووە، بۆ ئەنجامدانی دیداری بەپەلە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.

پارێزەران ئەوەیان خستووەتەڕوو، كە هەشت مانگە هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئۆجەلانەوە دەستنەكەوتووە و داوا دەكەن، كۆتایی بەوە بهێندرێت كە هیچ زانیارییەك لەبارەی ئۆجەلانەوە بەدەستناهێنن.

پارێزەران ئاشكرایانكردووە، دوای سەردانیكردنیان بۆ داواكاری گشتیی، بۆیان دەركەوتووە دووسزای نوێ بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە، یەكێك لە سزاكانیش قەدەغەی دیدارە بۆ ماوەی شەش مانگ، كە لە ١٢ی ١٠ی ئەمساڵەوە بڕیاری لەسەردراوە، هاوكات مانگی ئابی ئەمساڵیش سزایەكی نوێی بەسەردا سەپێندراوە كە “بێبەشكردنییەتی” لە دیدار.