سەردێر

دوایین گەشتی هێنانەوەی كۆچبەران لە بیلاڕوسەوە بەڕێدەخرێت

زۆربەیان كوردن

خەڵك-
هێڵی ئاسمانی عیراق بەنیازە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە، دوایین گەشتی هێنانەوەی كۆچبەرە گیرخواردووەكان لەسەر سنوری بیلاڕوس- پۆڵەندا بەڕێبخات.

لەو بارەیەوە عەلی عەباس جەهانگیر وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”زیاتر لە 1800 هاووڵاتی عیراقی گیرخواردوو لەسەر سنورەكانی پۆڵەندا- بیلاڕوس هێنرانەوە بۆ وڵات، پرۆسەكە لەڕێی هێڵی ئاسمانی عیراقەوە بەردەوامە”.

بە وتەی جەهانگیر”سبەینێ‌ سێ‌ شەممە، دوایین گەشتی هێنانەوەی عیراقییەكانی سەر سنوری پۆڵەندا- بیلاڕوس بەڕێدەخرێت، و تەواوی پرۆسەی گواستنەوەكەش لەسەر ئەركی حكومەتی عیراقە كە ئارەزوومەندانەیە”.

وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەڵێت”كۆی گشتی ژمارەی ئەو كۆچبەرە عیراقیانەی خواستی گەڕانەوەیان هەیە زیاتر لە (3000) كەسن و زۆربەیان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆچكردن بەرەو ئەوروپا چونەتە سەر سنورەكانی پۆڵەندا- بیلاڕوس”.