سەردێر

حكومەت وادەی پڕۆسەی خوێندنی زانكۆكان درێژ دەكاتەوە؟

خەڵك-

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، داخستنی دەرگای زانكۆكان كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خوێندن.
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نزیكەی دوو هەفتەیە دەرگای زانكۆكان داخراون و تا ئێستاش هیچ بڕیارێك نییە بۆ كاتی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندانە.

ئاڤێستا كەمال مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داخستنی ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەیە كە بەرپرسانی حكومەت لەو بارە حاڵی ببن و چارەسەری بكەن، بۆیە ئەو كاتەیان داوە بەخۆیان تاكو ئەو كارە بكەن.
وتیشی”داخستنی دەرگای زانكۆكان بۆ ئەوەشە خوێندكاران سارد ببنەوە و داوای زیاتر نەكەن، یان خۆپیشاندانەكان بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا ببرێت، ئەمەش دیوێكی باش و دیوێكی خراپی هەیە، كە خوێندكار بەخۆیدا بچێتەوە و پەیامەكانی ڕوونتر بێت، هەروەها دەیانەوێت دۆخەكە سارد بكەنەوە‌و بڵاوەی پێبكرێت”.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا دیارنییە داخستنی دەرگای زانكۆكان چ كاتێكە، چونكە ئەنجومەنی زانكۆ بەهاوكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر دەدات.
سەبارەت بە كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن، ناوبراو ڕایگەیاند، كاریگەرییەكە كێشەدار دەبێت، وەكو هەموو ساڵێك بایكۆت و پەخستنی دەوام بەهۆی كۆرۆناوە بوونی هەبووە، ئەو هەموو هەفتانە لە سیستەمەكە كەم دەبێتەوەو ناچار دەبیت بابەتەكە بەخێرایی شی بكەیتەوە یان ناچاری جێیبهێڵی، بەڵام هەڵبەت خوێندكاران پێیانوایە ئەگەر چەند وانەیەك بفەوتێت هێشتا هێندەی ئەوە نییە كە ژیانی بفەوتێت.

ڕوونیشیكردەوە، وەزارەت و زانكۆ دەیانەوێت ڕۆژیك زووتر دەرگا بكرێتەوە، بەڵام ئەو بابەتەی دروست بووە و چۆنیەتی چارەسەركردنی تا ئەچد دەتوانن چارەسەری بكەن ئەوە دیاری دەكات.

سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی ئەو ڕۆژانە یان درێژكردنەوەی وادەی خوێندن ناوبراو ڕایگەیاند، ئەگەر بیانەوێت قەرەبووی بكەنەوە لابردنی پشووەكان دەكرێت قەرەبوو بكرێتەوە یان درێژكردنەوەی بۆ پشووی هاوین، هەرچەندە دڵنیام بابەتی لەو شێوەیە نابێت، چونكە بەپێی یاسای لە 1-7 مامۆستایان دەستلەكار دەترازێنن، لەبەرئەوە بۆ دوای 17 نایاساییە بەڵام بۆ كاتی لەناكاویش حوكمی خۆی هەیە.