سەردێر

حزبەكان، سلێمانیان ماندوو كردووە

حزبەكان لەسەر جەستەی شەكەتی سلێمانی لە شەڕێكی سەختدان بۆ خزمەتكردنی شار نا، بەڵكو بۆ دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی شار و زیادكردنی هەژموونی خۆیاندا

خەڵك
ماوەی دەیان ساڵە سلێمانی بووەتە قوربانی ململانێی حزبی و سیاسیی هەم ململانێی نێوخۆیی حزبەكان، هەم ململانێی نێوان حزبە ركابەرەكان، ئەم ململانێیانە هیچ كات لە سەر خزمەتكردنی ناوچەكە و هاووڵاتیان نەبوون، هێندەی شەڕی دەسەڵاتی هەژموون بووە بەسەر ناوچەكەدا یان كودێتا بووە لە دژی یەكدی، یان ململانێ بووە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی خێر و بێر و سەروەت و سامانی ئەم سنوورە كە بە زۆنی سەوز ناسراوە و نێوەندەكەی سلێمانییە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان حزب سەریان هەڵدا، ناكۆكی توند لەنێوانیاندا سەریهەڵدا، دەستیان برد بۆ خوێنی یەكدی، هاوكات لەنێو حزبەكان خۆشیاندا ناكۆكی توند هەبووە، باڵباڵێن هەبووە یەكدی سڕینەوە هەبووە.

ئەم هەموو شەڕ و ململانێیە لەسەر جەستەیەكی ماندووی سلێمانییە، جەستەیەك كە جگە لە مژینی خوێن و وزەكەی هیچی دیكەیان پێ نەبەخشیووە، هاووڵاتییانی هیچ ئومێدێكیان نەماوە، لە هەڵبژاردنەكاندا كەمترین رێژە بەشدارییان هەیە، چونكە بۆیان دەركەوتووە هیچ كام لە حزبەكان بۆ سلێمانی كاریان نەكردووە، بەڵكو بۆ خودی حزب و بەرپرس و بنەماڵەكانیان كاریانكردووە، لەو پێیانەوەدا شاریانكردووە بە وێرانە.

بە ململانێشەوە نەوەستاون، هەرچی بەرپرسە ئێستا بە ناوی كۆمپانیاوە كەوتوونە دۆشینی هاووڵاتیانی شارەكە، هەرچی سوودی رۆژانە چەند هەزار دینارێكی هەبێت، چەند بەرپرسێك كۆمپانیایەكیان بۆ هێناوەتەمەیدان، پارە لە گیرفانی هاووڵاتیان دەردەهێنن.

لەم سەروبەندەشدا كۆمەڵێك سیاسی كە پێشتر لەنێو حزبی دیكەدا كاریان كردووە لەهەوڵی پێكهێنانی حزبی دیكەدان، ئایا حزب دەتوانێت چارەسەری رەوشی سلێمانی بكات، یان تەنها دووبارەبوونەوەی ئەزموونێكی دیكەی رابردووە.

ناسیح مەجید چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، زۆرینەی توێژەرانی بواری كۆمەڵزانی و سیاسەت لەسەر ئەوەن كە كۆمەڵگە بەگشتی و كۆمەڵگەی ئەمڕۆ ناتوانێت بەبێ ئەوەی كۆمەڵگایەكی سیاسی نەبێت بژی، چونكە زۆرێك لە بوارەكانی ژیان ئەوەیان پێویست كردووە كە تاك بەتەنها ناتوانێت هەموو پێداویستیەكانی خۆی دابینبكات، لەمپێناوەشدا پێویستە كۆمەڵگەی كوردی بەتایبەتی سلێمانی، كە پارێزگایەكی چاوكراوەیە لەبواری كاری سیاسیدا، پێویستی بەوە هەیە هەنگاوێكی بوێرانە بنێت بۆ خۆدەربازكردن لەو قەیرانە سیاسیەی كە حزبەكان ئەمڕۆ بەسەریاندا هێناوە بەتایبەتی لەبواری ململانێ و لەسەر بەرژەوەندی حزبی، نەك ململانێیەك بێت لەسەر خزمەتكردن بە دانیشتوانی سلیمانی.

وتیشی”هەرململانێیەكی لەم جۆرە دەبێتەهۆیەك بۆ زیاتر ماندووكردنی دانیشتووان و بڵاوكردنەوەی ترس و لەدەستدانی داهاتە نیشتمانییەكان بەگشتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە داهاتە مرۆییەكەی شاری سلیمانی و ئەمڕۆ بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی هەندەران بووە، لەگەڵ ڕاگرتنی بواری ئاواكاری كە ئەمڕۆ ئەم شارە لەهەرشارێكی دیكەی كوردستان پێویستیەتی”.
ئاشكراشیكرد، ئەو حزبانەی ناوچەكە كە ئەم جۆرە نەهجە سیاسییەیان هەیە و جەنگی بەرژەوەندی حزبی دەكەن لەپێناو مانەوەی خۆیاندا لەڕووی سیاسییەوە پێیان دەوترێت حزبە پیرەكان، دیارە شتێكی پیریش توانیای ئاڕاستەكردن و ئاواكاری شارێكی زیندو و گەنجخوازی وەك سلێمانی نییە، لەبەرئەوە پێویستە شارەكە خۆی ڕزگار بكات لەو جۆرە حزبانەو لەبری ئەو حزبێكی سیاسی پێكبهێنێت كە وەڵامدەرەوەی خواستەكانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی بداتەوە یان لانی كەم ئەم شارە پێویستی بە ئەنجومەنێكی نیشتمانی هەیە كە لەكەسایەتییە دیارەكانی سلیمانی پێكبهێنرێت، تاكو بتوانێت جارێكی تر ڕەوشە سیاسییەكان لەبەرژەوەندی خۆیدا بشكێنێتەوە و ئەمەش پێویستی بەهەماهەنگی گشت چین و توێژەكانی شاری سلیمانی دەبێت .

سەبارەت بە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان لە ناوچەكە ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەپێناو دەستاودەستپێكردنی دەسەڵات، ئەزمونێكی جیهانی هەیە كە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدرێت و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانیش لەلایەن خەڵكەوە بۆ تەمێخواركردنی حزبە سیاسیەكانی سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی هەنگاوێكی جوانی خەڵكی كوردستان بوو كە بەشێوەیەكی هێمنانەو لەسەرخۆ دەنگی “نا”ی هەڵبڕی بەڕووی ئەم دەسەڵاتەدا، كە هیچ بنەمایەكی بەحكومەتبوونی تێدا نەماوە و بووەتە دەسەڵاتێكی دەرەبەگی، بەڵام لە بەرگێكی نوێدا، هەرچی داهاتە نیشتماینیەكانی ئەم وڵاتە هەیە خەرج دەكرێن لەپێناو دابینكردنی هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆیان و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەسەر دانیشتوانی سلێمانی پێویستە، یان هەنگاوی یەكەم بگرێتەبەر، بۆ دروستكردنی ئەنجومەنێكی نیشتمانی دوور لەدەسەڵاتی حزبگەرایی، یان پێویستە لەسەریان لەچوارچێوەی هەڵبژاردنەكاندا دەنگ‌و متمانەی خۆیان لەوانە بەتەواوەتی بگرنەوە كە ئەو نەهامەتیەیان بۆ دانیشتوان و ناوچەكە دروستكردووە‌و دەنگ‌و متمانەی خۆیان بدەنە كەسانێكی بێلایەن و نیشتمانی تا نوێنەرایەتی ئەوان بكەن لە پەڕلەمانی كوردستان و پەڕلەمانی عێراقدا.