سەردێر

7832 پلەدار و پێشمەرگە پلەكانیان بەرزكرایەوە

خەڵك-

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پاڵپشت بە ماددەی چواردە لەسیستمی ژمارە (6) ساڵی (2011) پەیڕەوی ( نیزامی) ڕاژەو خانەنیشینی پێشمەرگە تایبەت بە یاسای ژمارە (38) ی ساڵی 2007 ئاماژە بەفەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی ژمارە 6033 تایبەت بە بەرزكردنەوەی پلەی كارمەندان، بەفەرمانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بڕیاردرا بە پلە بەرزكردنەوەی پلەی (7832) پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواكانی پێشمەرگە لەخشتەی نەورۆزی 2021).

بەرزان ڕەزا موستەفا بەڕێوەبەری هۆبەی پلە بەرزكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە 7832 پلەدار و كارمەند پلەی بەرزكرایەوە، كە بەسەر دوو لیستدا دابەشكراوەو لیستی یەكەم، 7777 و لیستی دووەمیش 55 پلەدار و پێشمەرگەیە.
وتیشی”لەئێستادا تەواوی ئەو كارمەند و پێشمەرگانە بەپێی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەكانیان دابەشكراوە بەسەر هەردوو لیستدا”.

بەپێی زانیارییەكان، دوای پلە بەرزكردنەوەی كارمەندان و پێشمەرگە، ئامادەكارییەكانی خشتەی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانیش لە قۆناغی كۆتاییدایە و بڕیارە بەم نزیكانە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكرێت.