سەردێر

نوێنەری هەرێم لە فەڕەنسا: ئەو سەقامگیریی و ئاسایشەی لە هەرێم هەیە لە زۆرینەی ناوچەكەدا نییە

خەڵك-

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستاش هیچ دەزگایەكی فەڕمی ڕاگەیاندنی فەرەنسی نەیوتووە ئەو بەلەمەی نوقوم بوون زۆربەیان كورد بوون.

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، دیاردەی كۆچ لە مێژە هەیە، لە عێراقیش لەدوای دروستبوونییەوە بەهۆی دۆخەكەیەوە هەرهەبووە كەس ناتوانێت ڕێگری لێبكات، ئەو كەسانەشی دێن بەئارەزووی خۆیان دێن، ئێمە وەك حكومەتی هەرێم دەستوەرنادەینە كاروباری ئەو كەسانەی بەنایاسایی دێنە ئەو وڵاتانە، چونكە ئەوە نە كاری ئێمە نە هیچ باڵوێزخانەیەكی ترە.

وتیشی”ژمارەیەكیتری كۆچبەر لەسەر سنوورەكانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیان دەیانەوێت بە بەلەم بچن بۆ بەریتانیا”.‎

ئاشكرایكرد، ئەوانەی كۆچ دەكەن تەنها كورد نین و دیاردەیەكیشە ناتوانرێت ڕێگری لێبكرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی هەیە بە هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستاش نەهامەتییەكانی كوردستان لە هەرچوار پارچەكەدا بەردەوامە پێشتر ئەنفال و كیمیاباران هەبوو، لەدوای 2003شەوە خەڵكی عێراق هەمووی خوازیاربوو حكومەتێكی پەڕلەمانی دیموكراتی دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەموو كەس دەیبینێت عێراق بە چ قۆناغێكدا تێدەپەڕێت.‎

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، ئەوروپییەكان خۆیان نوێنەریان لە هەرێمی كوردستان هەیە چەندین كونسڵخانە و نوێنەرایەتی ئەوروپییەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە ئەوان خۆیان دەزانن ژیان چۆنە، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە پێویست ناكات ئێمە بێین بڵێین شیكردنەوەیان بۆ بدەین، چونكە بەچاوی خۆیان ژیان دەبینن، هەرێمی كوردستان دەرگای خۆی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە كردووەتەوە، جگە لەوەی تا ئێستا یەك سەربازی ئەمەریكی و ئەوروپی لەهەرێمی كوردستان نە كوژراوە نە برینداركراوە یاخود ڕفێنرابێت، بۆیە دەبینن ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی لەهەرێمی كوردستان تا ئێستا هەیە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەدا نیە.