سەردێر

لیوایەكی پێشمەرگە دەچێتە سەر سوپای عێراق

خەڵك –
جێگری سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپڕاسیۆنەكان ڕایدەگەیەنێت، هەمیشە داعش لە سنوری هێزەكانی سوپای عیراقەوە دزە دەكەن و لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە دەدەن و ئەوەی دوێنێ شەو ڕوویدا بەداخەوە هەڵەی پێشمەرگە بووە، دەشڵێت: “بەم نزیكانە لیوایەك پێشمەرگە دەچێتە سەر سوپای عیراق و لەو ناوچانە دەكەونەوە ئەركەوە”.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپڕاسیۆنەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەماهەنگی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە هێشتا وەك پێویست نیە و پێشتر وەك ئەوەی بڕیاری لەسەر درابوو دوو لیوای هاوبەش دروست بكرێت لە ئێستادا سوپای عیراق داوای ناوەكانی كردووە و ناوەكان ڕەوانە كراون.

وتیشی، “بەم نزیكانە ئەو ناوانەی ڕەوانەی بەغدا كراون بەناوی لیوای 20ی هێزی پێشمەرگە، دەچنە بەغدا بۆ مەشقكردن و تێكەڵكردنیان لەگەڵ لیوایەكی وەزارەتی بەرگری عێراق و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی دروست كردووە، هەر لە خانەقین تا موسڵ دەگرێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، هەرچەندە لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە سەر سوپای عیراق و هەموو ئەرك و فەرمانێكی ئەوان جێبەجێ‌ دەكەن، بەڵام هێشتا ئەو ژمارەیە كەمە بۆ پڕكردنەوەی ئەو ناوچانە.

لیوا قارەمان باسی لەوەشكرد، ئەوەی دوێنێ شەو ڕوویدا بەداخەوە هەڵەی پێشمەرگە بووە، كە داعش لە ڕێگەی قەناسەوە تەقەی كردووە و پلانی داعش ئەوەیە هەمیشە دەیەوێت لەكاتی هەر كردەوەیەكدا بۆسە بۆ ئەوانە دابنێ، كە دەچن بەدەم شوێنی كردەوەكەیان، بۆیە ئەمەی ڕوویدا بەو شێوەیە بووە.

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە هیواشی خواست، “ئەم لیوایە سەرەتایەك بێت بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق”.

 





هەلبژاردە

گرنگترینەکان