سەردێر

حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك –
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، چەندین جار حكومەتی فیدڕاڵمان ئاگاداركردۆتەوە لەو بۆشاییە ئەمنییە كە لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هەیە، كە داعش توانیویەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە، دەشڵێت،”كاراكردنی سەنتەرەكانی ئەمنی هاوبەش پێویستییەكی گرنگ و هەنوكەییە”.

د. جوتیار عادل ، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە شەوی ٢٧ لەسەر ٢٠٢١/١١/٢٨، لە ناوچەی تەپی تەڵانی سنووری كوڵەجۆ، بۆمبێكی چێندراوی تیرۆرستانی داعش بە ئۆتۆمبێلێكی ھێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە، و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار دیكەش بریندار بوون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار حكومەتی فیدڕاڵی ئاگاداركردۆتەوە لەو بۆشاییە ئەمنییە كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هەیە كە بەھۆیەوە ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە توانیویەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەو ناوچانە خۆی رێكبخاتەوە و ، ببێتە ھەڕەشە بۆسەر دانیشتوانی ناوچەكە.

باسی لەوەشكردووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر هەرچی زووی كارا كردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكاتەوە.