سەردێر

مەلا بەختیار؛ یەكێتی ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە خراپتر چاوەڕوان دەكەم

خەڵك –
ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، لە دوای 8ی تەمموزەوە ئەگەر یەكێتی نەتوانێت بە گوێرەی بەرنامەیەكی نوێ كاربكات‌ و بەخۆیدا نەچێتەوە، خراپتر لە یەكێتی چاوەڕوان دەكەم وەك لەوەی ڕوویداوە”.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوزێزی شەشەمین كۆنفرانسی پلاتفۆرمی دابڕان ڕایگەیاند، بەندە لەگەڵ ئەوەم یاسا سەروەربێت بەهۆی ڕووداوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو نیگەرانم و هیچ كەسێكیش بە كوشتن ناتوانێ نەكێشەی یاسایی نە كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی چارەسەر بكات، ئەو ڕووداوە ڕووداوێكی دڵتەزێن بوو هیوادارم هەر كەسێك هەڵەی كردبێت بە عەمدی بدرێتە دادگا.

لەبارەی دۆسیەی ژەهرخواردنەكەی وتی، “من ڕاپۆرتم داوەتە مەكتەبی سیاسی و بە هەڤاڵ بافڵ، ئەم كێشەیە كێشەی شەخسی من نیە بەتەنها و هی بافل و وەستا حەسەنیش نیە هی هەموو یەكێتیە، ئەگەر یەكێتی و مەكتەبی سیاسی كاری جدی لەسەركرد ئەوە هەموو یەكێتی ڕزگاری دەبێت، ئەگەر نەكرا ئەوە خۆمان بۆ دادگا ئامادەكردووە”.

ڕاشیگەیاند، خۆپیشاندانی خوێندكاران و چین و توێژەكان ڕەوایە، بەڵام لادان لە خەباتی مەدەنی و پیشەیی هەموو لایەك بەرەو هەڵدێر دەبات، توندوتیژی لە هەر لایەكەوە بێت لەكاتی خۆپیشاندانەكان تەنها خۆپیشاندەر زیانی بەردەكەوێ، هیوام وایە حكومەتی هەرێم كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە دوای 8ی تەمموزەوە ئەگەر یەكێتی نەتوانێت بە گوێرەی بەرنامەیەكی نوێ كاربكات‌ و بەخۆیدا نەچێتەوە، خراپتر لە یەكێتی چاوەڕوان دەكەم وەك لەوەی ڕوویداوە.