سەردێر

قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوێندكاران دەكات

خەڵك-
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان “داوای لێبوردن لە خوێندكاران دەكات”، كە تۆمەتبار كرابوون بە “بێڕیِزی كردن بە ئاڵای كوردستان” لە خۆپیشاندانەكانی هەفتەی ڕابردوو لە سلێمانی و دەشڵێت: “هەڵەیەك بوو تێپەڕیوە بەسەر حكومەت و من و پەڕلەمانیش”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی (یەكسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتان لەهەرێمی كوردستان) ڕایگەیاند، بەبێئەوەی وردبینەوە لە ڕاستی و دروستی وێنەیەكی كۆن، كە هێنراون سەبارەت بە ئاڵای كوردستان لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی، هەڵەیەك بووە تێپەڕیوە بەسەر حكومەت و تەنانەت من و پەڕلەمانیشدا بێئەوەی بەدواداچوون بۆ وێنەكە بكرێت.

ڕاشیگەیاند: بۆیە پێویستە داوای لێبوردن لەو خوێندكارانە بكرێت، كە بەهۆی وێنەكەوە بریندار كراون و من داوای لێبوردنیان لێدەكەم.

وتیشی، “لە جـیاتی گــوێگرتن لە داواکـــــارییەکـــــــانی خوێندکـــاران بە ڤیدیۆیەکی کۆن خوێندکارانمان تاوانبار کرد”.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئاماژەی بەوەكرد، خوێندکارانی کچ سەلماندیان بۆ داواکردنی مافەکانیان لەگەڵ کوڕان هیچ جیاوازییەکیان نییە و ئەو توندوتیژیەی بەرامبەر خوێندكارانی كچ كراوە بەهۆی ئەوە نەبووە، كە كچ بوون، بەڵكو بەهۆی ئەوە بووە، كە خۆپیشاندەر بوون.

جەختیشی كردەوە، پەشیمان نیم وتوومە پیاوبە توندوتیژی بەرامبەر ژن ڕاگرە، چونكە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە.

لە هەفتەی ڕابردوودا لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ داواكردنی دەرماڵە وێنەیەك بڵاوكرایەوە، كە گوایە چەند خوێندكارێك ئاڵای كوردستانیان بێ ڕێزیان پێكردوە، هەر زوو بەشێكی پەڕلەمانتاران و حكومەتی هەرێم بە بەیاننامەی فەرمی ئیدانەیان كرد و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كە جێگەی قبوڵكردن نییە بێ رێزیكردن بە ئاڵای كوردستان و ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن و دوێنێش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، “كە لە خۆپیشاندانەكاندا بێڕێزی كراوە بەرامبەر بە ئاڵای كوردستان”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەو كەسانەی لە وێنەكەدا دەركەوتبوون لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەختیان لەوە كردبووەوە، كە ئەو وێنەیە كۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020 كاتێك لە نزیك زانكۆی ئەمریكی بەهۆی ڕەشەباوە ئاڵاكە كەوتووە و ئەوان كۆیان كردۆتەوە.