سەردێر

ئیمارات چۆن بەهانای ئەردۆغانی نەیارییەوە چوو؟

ئیمارات بە 10 ملیار دۆلار هەوڵی رزگاركردنی ئەردۆغان دەدات

خەڵك

ئیمارات بە بڕی 10 ملیار دۆلار خوازیاری رزگاركردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیایە لەو تەنگەژە ئابوورییەی بەهۆی داكشانی بەهای لیرەوە تێیكەوتووە، ئەمە لە حاڵێكدا ئیمارات وەك نەیاری خۆی لە ئەردۆغانی رووانیوە بەهۆی پشتیوانی لە گرووپە ئیسلامییەكان كە ئیمارات وەك تیرۆرست سەیریان دەكات.

ئیمارات دوای ساڵانێك لە گرژیی و ناكۆكی لەگەڵ سووریا و توركیادا لەم مانگەدا لەگەڵ هەردوو دەوڵەتدا ئاشت بووەوە و پێوەندییەكانی ئاساییكردەوە.

هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای ئیمارات سەردانی توركیای كرد لە سەر بانگێشتی سەرۆكی توركیا، لەوێ ئیمارات بڕیاری دا بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بكات.

چاودێرانی ئابووریی ئەم هەنگاوەی ئیماراتیان وەك بەهاناوەچوونی توركیا زانی بەهۆی ئەو تەنگەژە ئابوورییەی بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكاییەوە سەریهەڵداوە.

لەلایەكی دیكەوە ماوەی رابردوو شاندێكی دیكەی ئیمارات سەردانی سووریای كرد دوای ساڵانێك لەو رەوشە خراپەی سووریا بەخۆیەوە دی.

ئەمڕۆ یەك شەممە هێڵی ئاسمانی شامی سووریایی بۆ یەكەمجار گەشتەكانی بۆ ئەبووزەبی دەستپێكردەوە وەك هەنگاوی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی دوو وڵات بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی سانای سووریایی.

ئیمارات یەكێك لەدەوڵەتە دەوڵەمەندەكانی كەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانە، كاریگەری لەسەر دۆسێ سیاسییەكانی ناوچەكە هەیە، كە زۆر بە توندیی دژایەتیی رەوتە ئیسلامیی و توندڕۆ و تیرۆرستەكان دەكات، پێوەندییەكانیشی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییكردووەتەوە.

بە گوتەی شرۆڤەكاران ئیمارات یەكێك بوو لە ركابەرەكانی توركیا بەتایبەت كە توركیا پشتیوانی گرووپە ئیسلامییەكان دەكات و ئیماراتیش زۆرینەی خستوونەتە بازنەی تیرۆرەوە و پێوەندییەكانیشی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایكردووەتەوە.

شرۆڤەكاران لەو بڕوایەدان ئیمارات بە ئەو 10 ملیار دۆلارەی بۆ وەبەرهێنان لە توركیا تەرخانی كردووە كە وەك بە هاناوەچوونێكە بۆ توركیا، بەڵام دواجار دەستكەوتێكی سیاسیشە بەوپێیەی توركیای رێبەری ئیسلامییەكان لە نەیارەوە دەكاتە دۆستێكی خۆی، كە توركیا بە ناچاری چووەتە ژێر ئەو بارە گرانەوە، ئەمەش دەبێتە گورزێكی توندتر لە گرووپە ئیسلامییەكان، چونكە رەنگە توركیا چیدیكە نەتوانێت هێندە بە ئاشكرا پشتیوانی گرووپە ئیسلامییەكان بكات بۆ دڵڕاگتنی دۆستەكانی.

توركیا نەك تەنها ئیمارات، بەڵكو لەپێناو رزگاربوونی لەو تەنگەژە ئابوورییەی تێیكەوتووە، پەنای بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودیە و میسریش بردووە و ئیخوانی تەنگەتاوكرد و كاروبارەكانی یاساغ كردن، چی دیكە ئامادە نییە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی بكاتە قووربانی گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان.

لەنێو توركیاشدا دەمێك بوو ئۆپۆزسیۆن فشاریان لە ئۆردوغان توندكردبوو كە بۆچی دەبێت ئابووری توركیا بكرێتە قووربانی سیاسەتەكانی دەرەوەی ئۆردۆغان لە چوونە نێو ململانێكانی ناوچەكە و تێكدانی پێوەندیی لەگەڵ زۆر وڵاتی ناوچەكە، بەتایبەت كەنداو لە پێناوی گرووپگەلێكی ئیسلامیی توندڕۆدا.

ئیمارات كە وڵاتێكی دەوڵەمەندە و بە رووی ئابووریی و دارایی و بازرگانیی و گەشتیاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە، ئەمجارە دەبێتە یاریزانێكی سەرەكی دۆسێ سیاسییەكانیش.

ئیمارات رۆڵی كارای هەبوو لە رووخاندنی حكومەتە ئیخوانییەكەی میسر لە 2013 و هێنانەسەر كورسی عەبدول فەتاح سیسیی.

ئیمارات رۆڵی لە لیبیا و یەمەن و عێراق و سووریاشدا هەیە، لە دوای رێككەوتنەكەشی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریك بە فەڕمی فڕۆكەی ئێف 35ی پێدەفرۆشێت، بە پێچەوانەی توركیا كە ئەمریكا رەتیكردەوە ئەو جۆرە فڕۆكانەی پێ بفرۆشێت.

شرۆڤەكاران پێشبینی دەكەن ئیمارات لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێكی بەهێزتر لە گۆڕەپانەكەدا و رۆڵی خۆی دەگێڕێت لە دۆسێكاندا.