سەردێر

هەولێر.. ڕاكردنی بەكۆمەڵ بەڕێوەچوو

خەڵك
لە پارێزگای هەولێر ڕاكردنێكی بەكۆمەڵ لەژێر ناوی (ڕاكردنی ئومێد) بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر، ڕاكردنێكی بەكۆمەڵ لەژێر ناوی (ڕاكردنی بەكۆمەڵ) و دروشمی (وەرزش دەكەین، ئومێد دەبەخشین) بەڕێوە چوو، داهاتی چالاكییەكەش بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە تەرخان دەكرێت.

لە ڕاكردنەكەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بەشدار بوون، هەروەها ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و خەڵكی بیانیش بەشدار بوون.

ڕێكخەرانی چالاكییەكە باسیان لەوە كردووە كە ئامانج لە ڕێكخستنی ئەو ڕاكردنە بەكۆمەڵە، گەیاندنی هاوكارییە لە ڕێگەی وەرزشەوە بۆ تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە، هەروەها بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لەبارەی جۆرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە لەناو گەنجان.

بەپێی زانیارییەكان، دوای كۆتاییهاتنی ڕاكردنە بەكۆمەڵەكە، داهاتەكەی ڕادەستی نەخۆشخانەی (نانەكەلی)ی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە، دەكرێت.