سەردێر

هەپەگە؛ لەبارەی چالاكییەكانیان لەحەفتانین و چەلێ ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك –
هێزەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت ، هێزەكانی یەژاستار بە تاكتیكی سابوتاژ لە گروپێك لە سەربازانی سوپای توركیایاندا لە دەوروبەری شاخی كارتال لە ناوچەی بەكتۆریای حەفتانین، لەو چالاكییەدا سەربازێك كوژراو و 2 سەربازی دیكەش برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم سوپای توركیا لە سەر هێڵی قاشورا، لە شاخی ئازاد، ملەی گرێ، قەڵای قومری، ناوچەی كۆردینە و هاوئاهەنگییەكانی مەتینا، دەوروبەری گوندەكانی ئێدنێ، دەشیش، سەرارووی كانی ماسی لە ئامێدیی، ئۆپەراسیۆنێكی دەستپێكرد، ئەو ئۆپراسیۆنە لە ٢٥ی تشرینی دووەم بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هات.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە بەم شێوەیەیە:

“لە چوارچێوەی هەڵمەتی كەژەكە بە ناوی ‘لە بەرامبەر پاكتاوكردنی ژناندا كات كاتی پاراستنی ژنان و كۆمەڵگەی ئازادە’؛

ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر كاتژمێر ٠٩:٣٠ هێزەكانی یەژاستارمان بە تاكتیكی سابوتاژ لە گروپێك لە داگیركەرانی دەوروبەری شاخی كارتال لە ناوچەی بەكتۆریای حەفتانین دا. لەو چالاكییەدا داگیركەرێك سزادرا و ٢ داگیركەری تریش برینداربوون. كۆپتەرە هێرشبەرەكان كاتێك خواستیان ناوچەی چالاكییەكە بۆردومان بكەن، بەهۆی دەستێوەردانی هێزەكانمانەوە ناچاربوون لە ناوچەكە دوور بكەونەوە.

لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوور لە ناوچەی حەفتانین؛

لە ٢٦ی تشرینی دووەم و لە كاتژمێر ١٤:٢٠ دا لە ناوچەی پیربۆلا بە چەكی قورس لە داگیركەرانی سەر زنجیرە شاخەكانی چیای كۆردینەیان دا. هێزەكانمان بە وردی لە خاڵی دەستنیشانكراوی ئامانجەكەیان دا.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆكانی زاگرۆسدا؛

ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەم و لە كاتژمێر ١٩:٣٠ دا ، هێزەكانمان بە چەكی قورس لە داگیركەرانی ناوچەی شاخی كۆردینە لە چەلێی جۆلەمێرگ دا. هێزەكانمان بە وردی لە خاڵی دەستنیشانكراوی ئامانجەكەیان دا.

ئەو چالاكییانە بۆ سڵاوكردن لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبمان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەنجامدران.

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم سوپای توركی داگیركەر لە سەر هێڵی قاشورا، لە شاخی ئازاد، ملەی گرێ، قەڵای قومری، ناوچەی كۆردینە و هاوئاهەنگییەكانی مەتینا، دەوروبەری گوندەكانی ئێدنێ، دەشیش، سەرارووی كانی ماسی لە ئامێدیی، ئۆپەراسیۆنێكی داگیركەریی دەستپێكرد، ئەو ئۆپراسیۆنە داگیركەرییە لە ٢٥ی تشرینی دووەم بەبێ هیچ ئەنجامێك كشایەوە.

لە ٢٤ و ٢٧ی تشرینی دووەم دا ناوچەكانی چەمچۆ و ڕێنچبیراخای زاپ لە بنكە سەربازییەكانی سەر سنوورەوە بە تۆپ بۆردومان كران.