سەردێر

ئەو جۆرە كۆرۆنایەی لە ئەفریقا سەریهەڵدا ڤاكسینیش كاری تێ ناكات

خەڵك-تەنیا هەورامی

بۆ خاڵێكی ناسراو گەڕاوینەتەوە، ئەویش نیگەرانییەكی زۆر و مەترسیداری جۆری نوێی كۆرۆنایە، كە هەر لە ئێستاوە هاتووچۆی گەشتیاری نێوان ژمارەیەك وڵاتی پەكخست.

بەراورد بە جۆرەكانی دیكە كۆرۆنا، كە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، جۆرە نوێیەكەی بەهێز و بێ پێشینەیە، بەپێی یەكێك لە لێكۆڵەرەوان ئەم جۆرە نوێیە ترسناكە و لێكۆڵەرێكی دیكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەم جۆرە بە خراپترین جۆری كۆرۆنا ناو دەهێنێت بەراورد بەوانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە.

لە ئێستادا، لەنێو شەپۆلی نوێی بڵاوبوونەوی ئەم جۆرە نوێیەداین، كە لە ئێستادا لە ناوچەكانی ئەفریقای باشوور بڵاوبووەتەوە.

ئەو پرسیارانەی لەم ڤایرۆسە نوێیە دێنەپیشەوە ئەوەیە، كە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و هاوكات توانای بەرگریكردنی هەیە لەبەرانبەر سەرجەم ڤاكسینەكانی كۆرۆنا.

لە ئێستادا گفتوگۆ و لێكۆڵێنەوەكان بەردەوامن گومانێكی زۆریان هەیە، بەڵام وەڵامێكی ڕوون و تەواوەتییان بۆ پرسیارەكان نییە.

سەبارەت بە ڤایرۆسە نوێیەكە چی دەزانین؟
بۆ ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناوی B.1.1.529 بەكارهاتووە، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بە سوود وەرگرتن لە ئەلفبای یۆنانی ناوێكی تایبەت بۆ ڤایرۆسە نوێیەكە دیاری بكات. (وەكو جۆرەكانی دیكە ئالفا و دەلتا، كە پێشتر بۆ جۆرەكانی گۆڕاوی كۆرۆنا بەكارهێنران).

تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەم جۆرە نوێیە ئەوەیە، كە زۆرینەی نیشانەكانی وەكو ڤایرۆسی سەرەتایە، كە لە شاری ووهانی چین دۆزرایەوە.

پرۆفیسۆر تولیو دی ئولیویرا، سەرۆكی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەكان لە ئەفریقای باشوور لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم ڤایرۆسە نوێیە گۆڕاوێكی نائاسایی لە بوونیدا دروست بووە، كە زۆر جیاوازە بەراورد بە ڤایرۆسە گۆڕاوەكانی دیكە.

وتیشی، “ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەم ڤایرۆسە لە ڤایرۆسە یەكەمەكە دەچێت بە جۆرێك كە گۆڕانكاری لەو شێوەیە لە چاوەڕوانی ئێمە بەدوور بووە”.

هەندێك توێژەری تر پێیانوایە، لە ئێستادا هۆكاری نیگەرانییەكان ئەوەیە كە ئەم ڤایرۆسە بە تەواوی لە ڤایرۆسی سەرەتایی، كە لە ووهانی چین و لەوێشەوە بۆ هەموو جیهان بڵاوبووەوە جیاوازە، لە ئەنجامدا ئەوە دەردەكەوێت ئەو ڤاكسینانەی كە دروست كراون بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ كاریگەرییان بۆ لەنێوبردنی ئەم ڤایرۆسە نوێیە نەبێت.

پێشتر ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوانەی كە دەدۆزرانەوە، بەشێك لە تایبەتمەندییەكانیان لەوانەی پێش خۆیان دەچوو.

پڕۆفیسۆر ڕیچارد لسلز، مامۆستای زانكۆی كوازولو-ناتال لە ئەفریقای باشوور ڕایگەیاند، ئەو جیاوازییانەی بوونەتە هۆكاری نیگەرانیمان ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە توانای بڵاوبوونەوەی زیاتری هەیە و توانای زیاتری ئەوەی هەیە لە كەسی تووشبوووەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە، توانای ئەوەشی هەیە كاریگەری لەسەر بەرگری مرۆڤ دروست بكات و لاوازی بكات.

هەڵبەتە پێشتریش لەسەر وەرەقە مەترسی زۆر بڵاوكرانەوە، بەڵام لە واقیعدا بەو شێوەیە نەبوون، بۆ نمونە جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنای “بتا” كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەركەوت لە لێكۆڵینەوەكاندا وادەركەوت كە زۆر مەترسیدار و خێرایە بەڵام بەو شێوەیە دەرنەچوو.

تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی ورد و تەواوەتی لەبارەی جۆرە نوێیەكەوە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی وا دەردەكەوێت خێرا و مەترسیدار بێت.

لە ئێستادا 77 كەس تووشی ئەم ڤایرۆسە نوێیە بوون لە ئەفریقای باشوور و 4 كەس لە بوتسوانا و كەسێك لە هۆنگ كۆنگ (ئەویش بەهۆی گەشتكردنی بۆ ئەفریقای باشوور)، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە فراوانتر دەبێت.

هاتووچۆی گەشتیاری ڕاگیرا و قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینە ئەگەری كراون

ئاژانسی (CNBC) بڵاویكردەوە، بەرپرسانی باڵای حكومەتی جۆ بایدن ئاشكرایانكردووە، لە 29ی ئەم مانگەوە گەشتی دانیشتوانی هەشت وڵاتی ئەفریقایی لەنێویشیاندا ئەفریقای باشوور قەدەغە كرد كە ڤایرۆسێكی گۆڕاوی كۆرۆنا لەو ناوچانەوە سەریهەڵداوە و مەترسیی بۆسەر جیهان دروست دەكات.

بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوكراونەتەوە، ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر دانیشتوانی ئەفریقای باشوور، بوتسانا، زیمبابۆ، نامیبیا، لسوتو، ئسواتینی، مۆزەمبیق و مالاوی، دروست كردووە.

هاوكات بەهۆی دەركەوتنی تووشبوویەك بە ڤایرۆسە نوێیەكە لە بەلجیكا، كۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشكرایكرد، پێویستە سەرجەم وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا گەشتەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە ڕابگرن.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی نوێ، مەترسی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان دروست دەكات، بەشێوەیەك ئەگەری هەیە ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەكەدا نەبێت.