سەردێر

كۆرۆنا گۆڕاوەكە كۆنگرەیەكی جیهانی بازرگانی پەكخست

 

خەڵك-

بەهۆی دەركەوتنی زنجیرەی نوێی كۆرۆنای ناسراو بە (ئۆمیكرۆن)، ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی دوانزدەهەمین كۆنگرەی تایبەت بە وەزیرانی بازرگانی جیهانی دواخست.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاویكردەوە، دوای ڕێككەوتن بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی وڵاتانی بازرگانی جیهانی، كە لە 164 وڵاتی ئەندام پێكهاتوون، بەهۆی دەركەوتنی ڤایرۆسی (ئۆمیكرۆن)، كۆنگرەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

نگوزی ئۆكۆنجۆ، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، دواخستنی كۆنگرەكە مانای ئەوە نییە گفتوگۆكان بوەستن، بەپێچەوانەوە دەبێت پەیوەندییەكان بەردەوام بن.

وتیشی، “هۆكاری دواخستنی كۆنگرەكە لەمكاتەدا بەهۆی دەركەوتنی ڤایرۆسی (ئۆمیكرۆن)ـە، كە بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەكان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕاگیراوە”.

زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باشووری ئەفریقا دۆزراوەتەوە و ترسی ئەوە هەیە، یەكێك بێت لە خراپترین گۆڕاوەكانی كۆرۆنا.