سەردێر

“نزیکەی ٣٠٠گەنج و چالاکوان دەستگیرکراون و تا ئێستا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە”

خەڵک

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، دەڵێن؛ دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەهەموو شێوەیەکی ناشارستانی و توندوتیژی و دەستگیرکرن و ڕفاندن وڕاوەدونان کەوتونەتە گیانی خوێندکاران و خۆپیشاندەران.

لە ڕاگەیەنراوێکدا؛ ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئاشکرای دەکەن، بەپێی زانیارییەکانیان، نزیکەی ٣٠٠گەنج و چالاکوان دەستگیرکراون و تا ئێستا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە .

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە؛

لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە:

هەمووان ئاگادارن دوای چوار ڕۆژ له خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەهەموو شێوەیەکی ناشارستانی و توندوتیژی و دەستگیرکرن و ڕفاندن وڕاوەدونان کەوتونەتە گیانی خوێندکاران و خۆپیشاندەران.

بەپێی زانیارییەکانی ئێمە نزیکەی ٣٠٠گەنج و چالاکوان دەستگیرکراون و تا ئێستا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو؛

١ــ پشتگیری داوای ڕەوای خوێندکاران دەکەین و داواکارین دەسەڵاتداران لە زووترین کاتدا و بەبێ خۆدزینەوە داوا ڕەواکانیان بۆ جێ بەجێ بکات.

٢-پێویستە بەزووترین کات سەرجەم دەستگیرکراوان بەبێ پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێیان ئازاد بکرێن .

٣ــ داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و قونسڵی وڵاتان دەکەین و بێنە سەرخەت و فشار لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکەن تا بەزووترین کات سەرجەم دەستگیرکراوان ئازاد بکەن .

٤ــ بە سەربازگەکردنی زانکۆ و پەیمانگاو شارو شارۆچکەکان کۆتایی پێ بهێنرێ .

٥ــ قەرەبووی مادی و مەعنەوی دەستگیراکراوان و ئازاردراوان بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین لە ئەگەری ئازادنەکردنی بێ مەرجی خوێندکاران و چالاکوانان و کۆتایی نەهێنان بە سەربازگەکردنی شارەکان هەڵوێستی ترمان دەبێت.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی .