سەردێر

“حكومەتی سوریا ناوچە كوردنشینەكانی بە ئەمانەت داوەتە دەستی پەیەدە”

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەكێتی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، حزبە كوردییەكان دەبێت بەدوای لۆبییەكی بەهێزدابن كە نفوزی لەنێو وڵاتانی زلهێزدا ببێت تاكو توانای بەدەستهێنانی مافی كوردیان هەبێت.
هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەكێتی كوردستانی سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هیچ كاتێكدا پەیوەندی نێوان پارتی یەكێتیی دیموكراتیك (PYD) و حكومەتی سوریا نەپچڕاوە.
وتیشی”لەوكاتەوە كە قەیرانی سوریا سەریهەڵداوە ئەم دوو لایەنە پەیوەندییان هەبووە، هەندێكجار پەیوەندییەكە لاواز دەبێتەوە بەتایبەت ئەوكاتەی ئەمریكا هاتەنێو سوریا، بەڵام هیچكات ئەم پەیوەندییە بەتەواوەتی نەپچڕاوە”.
ئاشكراشیكرد، حكومەتی سوریا ناوچە كوردنشینەكانی بە ئەمانەت دایە دەستی پەیەدە، تاكو دژایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی كوردی و هەر ناڕازییەكی دیكە لە سوریا بكات.

ڕوونیشیكردەوە، لە بارودۆخێكدا كە حكومەتی سوریا هێدی هێدی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەندێك لە وڵاتەكان ئاسایی كردووەتەوە و گوشارەكانی ئەمریكا و ئەورووپا لەسەر دیمەشق لەچاو ڕابردوودا كەمتر بووەتەوە، حكومەتی سوریا دەیەوێت بەگوشارخستنەسەر پەیەدە ناچاریان بكات بە قبوڵكردنی دۆخەكە و گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچە كوردنشینەكان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، حزبە كوردییەكان دەبێت لەسەر یەك هەڵویستی كوردی و نەتەوەیی پێكەوە ڕێككەون تاكو توانای دانوستانیان لەگەڵ حكومەتی سوریا و هەر لایەنێكی دیكەدا هەبێت و داوای مافی خەڵكی كورد بكەن. بۆ ئەم پرسە پێویستە لەگەڵ كوردانی دیكەی ناوچەكانیش پەیوەندیەكی باشیان هەبێت تاكو شەڕ لەنێوانیاندا هەڵنەگیرسێت.

جەختی لەوەش كردەوە، نابێت متمانە بە حكومەتی سوریا بكرێت، ئەویش نەك بەوەی شەڕیان لەگەڵ بكرێت و بەڵكو نەچینە ئامێزیانەوە.

ئامژەی بۆ ئەوەش كرد، بۆ گەیشتن بە مافی كوردەكان لە سوریا دەبێت پەیوەندی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز فراوان بكەین بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ڕوسیا و ئەورووپا، هەروەها كاری سیاسی و ئاشتیخوازانە بەرینە پێشەوە.