سەردێر

دوو گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی بیلاڕوسیا ئەنجام دەدرێت

خەڵك

وەزارەتی گواستنەوەی فیدڕاڵی ڕایدەگەیەنێت: دوو گەشتی تایبەتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانە ئەنجام دەدرێت كە لەسەر سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە.

عەباس عەمران بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عیراقی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی كاپتنی فڕۆكەوانی ناسر حسێن ئەلشبلی وەزیری گواستنەوەو دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو گەشتی ئاسمانی تایبەت لەفڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتییەوە بۆ فڕۆكەخانەی مینسك بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی عیراقی گیرخواردوو لە بیلاڕوسیا ئەنجام دەدرێت.

عەمران ڕاشیگەیاند: هەموو لایەنێكی خزمەتگوزاری و پێدوایستییەكییان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابینكردووە و بەتایبەتی لەئێستادا ئەو هاووڵاتییانە لەدۆخێكی مرۆیی خراپدان و ژیانیان دژوارە.