سەردێر

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی بۆ شەش مانگ تەجمید كرا

خەڵك
لەسەر نوسینی وتارێك، پەیوەست بە دۆخی ئێستای كوردستان و ناڕەزایەتیەكان و بارودۆخی یەكێتی بە ناونیشانی “قسەی عوریان ناچێتە گیرفان”، بۆ ماوەی شەش مانگ، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، تەجمید كرا.

سالاری بازیان، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی لە وتارەكەیدا نوسیویەتی؛ ئەم خۆپیشاندانانە بۆنی ڕاپەڕینیێكیان لێدێت كە تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێنێت.

لە وتارەكەیدا جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، باسی گوێ پێنەدانی حزبە دەسەڵاتدارەكان بە بارودۆخی خراپی خەڵك و خوێندكاران و توڕەیی گەنجان و داكشانی دەنگەكانی یەكێتی كردووە.

سالاری بازیان، كە وتارەكەی لە سایتی خەڵك بڵاو بووەتەوە، ئاماژەی بەوە دابوو ئەمجارە ھەر ڕووداوێك ڕووبدات نەخوازراو دەبێت و وەكو جارەكانی تر نابێت چونكە ئەم جیلەی ئێستا ناڕازین جگە لە گیرفانیان و پێداویستیەكانیان ھیچی تر ناخوێننەوە .

لە بەرامبەر تەجمیدكردنی، سالاری بازیان جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، بۆ خەڵك وتی: ھیچم لەنێو یەكێتیدا نیە تا لە دەستی بدەم، ئێستا بەمەبەستی خوێندن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانم پاش گەڕانەوەم، قسەی جددی خۆم دەبێت.

سالاری بازیان، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتیشی؛” لەخەمخۆری و دڵسۆزی بۆ ئەو سیستمە سیاسیەی لەهەرێمدایە، ئەو بۆچوونەم خستووەتە ڕوو، پێشم وابێ ئەو برادەرانەی ئەو بڕیارەیان داوە باش وتارەكەیان نەخوێندووەتەوە، یەكێتی بە ڕەخنە گەورە دەبێت، لێی كەم نابێتەوە، لەڕابردوودا، لەکۆبوونەوەیەکدا ڕەخنەم لە خوالێخۆشبوو، جەنابی مام جەلال گرت، مام نەک سزای نەدام، بگرە دوو ڕۆژ دواتر خەڵاتی کردم، جا بۆیە ئەوەی ئەو بڕیارەی داوە یان بۆی بخوێننەوە یان خۆی با جارێكی تر بیخوێنێتەوە، تا بزانرێ چی نوسراوە.

ڕاشیگەیاند؛ نەدەمانەوێت، بەیەکێتی دەوڵەمەند بین نەگەورە بین، چونکە خەڵك دەزانێت كە بنەماڵەی سالاری بازیان كێن و چین و چیان بۆ كورد و شۆڕش كردووە”.

ئاشكراشیكرد، لەو مەڵبەندەی كە ئێستا تیایدا سڕكرام، هیچ شتێكم تیایدا نییە، خۆم بە پارەو و ناوی خۆم هاتووم لەبەر یەكێتی خزمەتی خەڵك بكەم، ئەو بڕیارەش بە میزاج دراوە و پەیڕەوی نییە من هیچ حسابێك بۆ ئەو بڕیارە ناكەم و یەكێتیشم.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان