سەردێر

میسیاس لە دیلیڤەرییەوە بۆ پاڵەوانی یانەی میلان

خەڵك
جۆنیۆر میسیاس یاریزانی بەرازیلی كاروانێكی ئەفسانەیی تەواوكرد، لە كاریی دیلیڤەرییەوە بۆ تۆماركردنی یەكەم دەركەوتنی لە باڵاترین پڵەوانێتی ئەوروپا بۆ تۆپی پێ‌.

ئەو یاریزانە بەرازیلییە تەمەن 30 ساڵە كە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەم دواییە لە كرۆتۆنییەوە چووە ڕیزەكانی میلان، لە سێیەم دەركەوتنی و لە یاریی یانەی میلان بەرامبەر بە ئەتلیتیكۆ مەدرید لە خولی گروپەكانی ئەوروپا، لە یەكەم هەوڵی بۆ تۆماركردنی گۆڵ سەركەوتوو بوو و بردنەوەیەكی گرانبەها و سێ‌ خاڵی بەخشییە “رۆسۆنێری”.
میسیاس لە دوای یارییەكەی ئەتلیتیكۆ (1-0) لە لێدوانێكیدا بۆ “ئەمازۆن برایم” ڕایگەیاند”ئەم گۆڵە پێشكەش بە خێزانەكەم و هاوڕێیانم دەكەم لە بەرازیل. بەڵام بەشێوەیەكی تایبەت بەوانەی بڕوایان پێم كرد و منیان هێنایە میلان. ڕێڕەوێكی جیاوازم هەبوو لەگەڵ ئەوانەی تر، بۆيە ئەو گۆڵە پێشكەش بەوان دەكەم”.

میسیاس زێدەڕۆیی ناكات كە باس لە گەشتە ئەفسوناوییەكەی دەكات، تا گەیشتۆتە ئێستا.
میسیاس لە ساڵی 2011وە لە بەرازیلەوە چووە ئیتاڵیا، لە خولی ئارەزوومەندان یاریی دەكرد و وەك دیلیڤەریش كاریی دەكرد، بەر لەوەی بە پلیكانەكانی تۆپی پێدا بەرەو ترۆپك سەربكەوێت.